هەندێ زانیاری لەبارەی هاتنی شاندەکەی وەزارەتی بەرگریی عێراق بۆ هەولێر خرایە ڕوو
ناسر هەركی ئەمڕۆ چوارشەممە 29/4/2020 لەمبارەوە ڕايگەیاند: "هەفتەی داهاتوو شاندێكی وەزارەتی بەرگریی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەبدولئەمیر یارەڵا، بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی ەبەرگریی عێراق، سەردانی هەولێر دەكات و لەگەڵ وەزارەرت پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆ دەبنەوە هەتا درێژە بە گفتوگۆی نێوان لێژنەکانی پێشوو بدەن کە لە نێوان هەردوولا ساز کراوە، و تێیدا بەشداریكردنی پێشمەرگە لە بنەبڕكردنی داعش تاوتوێ دەکەن".
ئەو ئەندامەی لیژنەی بەرگری و ئاسایش لە پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: "دوێنێ كۆبوونەوەیەكمان ساز داوە لە نێوان لیژنەكەی ئێمە وەزارەتی بەرگریی عێراق، كە تایبەت بوو بە مەترسییەكانی داعش لە عێراق بە شێوەیەكی گشتی و لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە شێوەیەكی تایبەت و پێشتر ئێمە وەكوو پەرلەمانتارانی كورد لە لیژنەی بەرگری و ئاسایش لە پەرلەمان داواكارییەكمان دابووە سەرۆكایەتی لیژنەكە و پاشان لەڕێگای سەرۆكایەتیی پەرلەمانەوە پاڵەپەستۆ خرایە سەر حكوومەت بۆ ئەوەی جارێكی تر كۆبوونەوەكانی لیژنەكانی نێوان وەزارەتی بەرگری و پێشمەرگە كە پێك هێنرابوون بكەونەوە كار بۆ ئەوەی هەماهەنگی بكەن تاوەكوو مەترسی لە ناوچەكە نەهێڵن".
ناسر هەرکی ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەو كۆبوونەوەیە بە میوانداری فەرماندە سەربازییەكانی وەزارەتی بەرگری و جێگری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق و فەرماندەی پرۆسە هاوبەشەكانی كەركووك و فەرماندەی هەواڵگیری عێراق رێك خرا و كۆبوونەكە لە نێوان لیژنەكەی ئێمە و وەزارەتی بەرگریی عێراقدا بوو".
گوتیشی: "لە كۆبوونەوەكە باس لە مەترسییەكانی داعش لەو شوێنانە كرا كە ئێستا جموجۆڵیان تێدا زۆر بووە و ئێمەش زیاتر باسمان لەو بۆشاییە ئەمنییە كرد كە لە نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكاندا هەیە و پێمان راگەیاندن كە ئێوە كەمتەرخەمن و پێشتر پێشمەرگە چەندین جار ئامادەیی خۆی دەربڕیوە كە هاوكارتان بێ بەڵام تا ئێستا ئێوە ئەو بڕیارە جێبەجێ ناكەن، سەرەڕای ئەوەی فەرمانی سەرۆكایەتیی حكوومەتی عێراقیش لەو بارەیەوە هەیە".
هاوكات ناسر هەركی، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "لە ئەنجامدا گەیشتنە ئەو قەناعەتەی كە ئەو هەماهەنگییە بكرێت، چونكە ئەگەر وا نەبێت، ناتوانن مەترسییەكانی داعش لەو ناوچانە بنەبڕ بكەن، بۆیە عەبدولئەمیر یارەڵا كە سەرۆكی لیژنەی وەزارەتی بەرگریی عێراق بوو، هەفتەی داهاتوودا سەردانی هەولێر دەكات و لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە كۆ دەبنەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆ بكەن و ئەمجارە نیازیان باش دیار بوو كە بگەنە ڕێككەوتن بۆ ئەوەی پێشمەرگە بەشدار بێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا".
باسنيوز
