قوباد تاڵەبانی و باڵوێزی ئەمریكا پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ ده‌كه‌ن

 قوباد تاڵەبانی و باڵوێزی ئەمریكا پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ ده‌كه‌ن
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە بەغدا پێشوازی لە باڵوێزی ئەمریكا لە عێراق كرد، هەردوولا لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی بەغدا و كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكوومەتی هه‌رێمى كوردستان و ناوەندی گفتوگۆیان كرد.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 29/4/2020، لە میانەی سەردانەكەیدا بۆ شاری بەغدا، قوباد تاڵەبانی، سەرۆكی شاندی هەرێمی كوردستان لە بارەگای حەوانەی خۆی پێشوازی لە ماتیۆ تولەر، باڵوێزی ئەمریكا لە عێراق كرد، هەردوولا لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكوومەتی هه‌رێمى كوردستان و ناوەند و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق گفتوگۆیان كرد.

لە كۆبوونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی ڕوونی كردەوە، بەمەبەستی كۆتاییهێنان بە ناكۆكییەكانی نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێمى كوردستان و ناوەند لەبەر ڕۆشنایی دەستووری هەمیشەیی عێراق و لێكگەیشتنەكانی پێشتری نێوان هەردوولا سەردانی بەغدایان كردووە.

جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمى كوردستان، لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراقەوە بە سەرۆكایەتیی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو، ڕای گەیاند: "كورد نابێتە لەمپەر و ڕێگر لەبەردەم پێكهێنانی حكوومەتی عێراق و بەپێچەوانەوە بەشێك دەبن لەچارەسەر لەپێناو بەرقەراربوونی سەقامگیریی و ئۆقرەیی و ڕەخسانی دەرفەت بۆ چارەسەركردنی كێشە كەڵەكەبووەكانی عێراق و باشتركردنی پەیوەندییەكانی هەردوولا".

لەكۆبوونەوەكەدا ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ئامادە بوون.







باسنيوز
Top