پارێزگاری هەولێر: ئێستاش لە قۆناغی مەترسیی کۆرۆرنا دەرنەچووین
فرسەت سۆفی، لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئاماژەی بەوە کرد: "کردنەوەی ئەم کارگەیە لە هەرێمی کوردستان، نیشانەی ئەوەیە کوردستان لە بواری تەندروستی و بەتایبەت دەرماندا پەرەسەندنی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و ئێمەش هەرچی لە تواناماندا بۆ پشتیوانیکردن و پێشخستنی کەرتی پیشەسازی و بەتایبەتی لە بواری دەرماندا درێغی ناکەین".
لەبارەی گرنگیی ئەو کارەگەیەوە گوتی: "ئەم هەنگاوەی ئاڤا میدیکا کە ناویەتی کە هاوکات دەرمان هەناردەی دەرەوەی هەرێمی کوردستانیش دەکات، یەکێک لەو هەنگاوە گرنگانەیە کە جێگەی دەستخۆشییە و هیوادارین کارگەکانی دیکەش پەرە بستێنن و هەرێمی کوردستان بەرەو بووژانەوە لە بواری پیشەسازیدا بەرەوپێشەوە بچێت".
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد: "لێرەدا بە دەرفەتی دەزانم داوا لە هاووڵاتیانی سنووری پارێزگای هەولێر بکەم کە هەنگاوەکانی خۆپارێزی بەوپەڕی حەزەرەوە بنێن و پابەندی ئەو ڕێنماییە تەندروستیانە بن کە هەن، چونکە ئێمە ئێستا پێمان ناوەتە قۆناغی خۆپارێزی و تاکپارێزییەوە، چونکە زۆربەی شوێن و دووکان و بازاڕەکان کراونەتەوە".
فرسەت سۆفی ڕاشی گەیاند: "ئەگەر خەڵک خۆی خۆی نەپارێزێت، لەوانەیە ئێمە بگەینە قۆناغی زۆر زۆر سەخت و ئەوکات لە دۆخەکە لە دەستی هەموو لایەکمان دەربچێت، بۆیە هیوادارم خەڵکی سنووری پارێزگای هەولێر بەوپەڕی وەریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن، چونکە ئێمە هیچکاتێ لە قۆناغی مەترسیدار دەرنەچووین و ئەم پەتایە ئێستاش زۆر مەترسیدارە و دەبێ هەموومان بەرەنگاری ببینینەوە و ئەگەر بزانین دۆخەکە خراپە و مەترسییەکە گەورە دەبێتەوە ناچارین بگەڕێینەوە بۆ دواوە و پێداچوونەوە بە ڕێکارەکاندا بکەینەوە."
باسنيوز
