جووتیار عادل: ناکرێت قووتی خەڵکی کوردستان بکرێتە کارتی فشار و موزایەدەی پێوە بکرێ

جووتیار عادل: ناکرێت قووتی خەڵکی کوردستان بکرێتە کارتی فشار و موزایەدەی پێوە بکرێ
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هۆشداری دا لە بەکارهێنانی قووتی خەڵکی کوردستان وەک کارتی فشار و جەختی لەو ڕێگەچارەیە کردەوە کە هەرێمی کوردستان بە گونجاوی دەکات.

کەمێک لەمەوبەر لە پرێس کۆنفرانسێکدا د. جووتیار عادل، گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رای گەیاند، لە کۆبوونەوەکەی نێوان ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق، ”لێکتێگەیشتنێکی باش هەبووە و باس لەوە کرا کە هەماهەنگیی ئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق هەبێت تا بە یەک هەڵوێست و یەک پەیام کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەین. باسی ئەوە کراوە کە ناکرێ مووچەی فەرمانبەران و مامۆستایان و خەڵکی کوردستان بخرێتە ژێر فشاری سیاسی، دەکرێ ئەو بابەتە جیا بکاتەوە و حکوومەتی هەرێم و فیدرال باسی بابەتەکانی دیکە بکەن. ناکرێ قووتی خەڵک بکرێتە کارتی فشار و موزایەدەی لەسەر بکرێ“.

روونیشی کردەوە: ”رحکوومەتی هەرێمی کوردستان وابەستەی پابەندییە نەوتی و داراییەکانیەتی بەرامبەر فیدرال و ئەوانیش دەبێ پابەندی ئەرکە داراییەکانی بێت کە لە چوارچێوەی یاسای بودجە و ئەو لێکتێگەیشتنەی لە مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠١٩ کراوە“.

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خەڵکی دڵنیا کردەوە کە ”ئەو داواکارییانەمان یاسایین و بەپێی قانونی بودجەی عێراقی ٢٠١٩ و سوورین لەسەر ئەو بابەتە و دیسان داوا دەکەین ئەم بابەتە نەکرێتە سیاسی. پێشنیاز دەکەین و جەخت لەو بیرۆکەیە دەکەینەوە کە بە زووترین کات و وەکوو چارەسەرێکی بنەڕەتی، دەرکردنی یاسای نەوت و غازی عێراقییە کە لە ٢٠٠٧ رەشنووسەکەی لە نێوان هەرێمی کوردستان و لایەنەکانی عێراق پەسەند کراوە. لە نێو ئەو یاسایەدا هەموو ماف و ئەرک و دەسەڵاتەکان لە ئاستی نەوت و دارایی جێ بکرێتەوە“.










باسنيوز



Top