لە سلێمانی کچێک کوژرا و بکوژەکەش هەڵات
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەمە، هەواڵی كوشتنی كچێكی لەو شارە راگەیاند.
سەركەوت ئەحمەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، راگەیاند: "ئەمڕۆ دووشەممە27/4/2020 لە هەواڵی كوشتنی كچێكی گەنج لە گەڕەكی چوارچرای ئاگادار كراینەوە."
گوتیشی: "ئەو كچەی کوژراوە تەمەنی 18 ساڵە و بە فیشەك كوژراوە و بكوژەكەشی هەڵاتووە."
هەتا ئێستا وردەکاری لەبارەی ئەو ڕووداوە و هۆکارەی کوشتنەکەی ڕوون نەبووە و لێکۆڵینەوەکان دەستیان پێ کردووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بەرپرسانی ئەمنیی سلێمانی باسیان لێوە کردووە، ئەو کچەی کوژراوە، لە ماڵی کەسێک بووە و ئێستا پۆلیس بە دوای ئەو کوڕەدا دەگەڕێت کە کچەکە لە ماڵەکەیدا بووە.
باسنیوز
