هێڤیدار ئەحمەد جێگری سەرۆكی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ ( گوڵان ): جارێكی دیكە دەیانەوێت موچەو قوتی خەڵكی كورستان بۆ سزا دانی خەڵكی كوردستان و مەبەست و مەرامی سیاسی بەكار بهێنن

 هێڤیدار ئەحمەد جێگری سەرۆكی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ ( گوڵان ): جارێكی دیكە دەیانەوێت موچەو قوتی خەڵكی كورستان بۆ سزا دانی خەڵكی كوردستان و مەبەست و مەرامی سیاسی بەكار بهێنن
هێڤیدار ئەحمەد جێگری سەرۆكی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ گۆڤاری گوڵان باسی لەبابەتی ئەو ئاستەنگانە كرد كە بەغدا لەبەردەم موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دایناوە، جێگری سەرۆكی لێژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان هەموو ئەو ئاستەنگانەی بە نا دەستووری و نایاسایی وەسف كرد و پێی وابوو ئەمە تێكەڵ بەهەنگێك دۆسێی سیاسی و بۆ ملكەچكردنی كورد بەهەندێك داواكاریی ئەنجام دەدرێت ، لەمبارەیەوە جێگری سەرۆكی لێژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان وتی: شۆڤێنیەكان لەناو حكومەت و هەندێك لایەنی سیاسی جارێكی دیكە دەیانەوێت خەڵكی كوردستان سزا بدەن و موچەو قوتی خەڵكی كورستان بۆ مەبەست و مەرامی سیاسی و زیانگەیاندن بەهەرێمی كوردستان بەكار بهێنن، ئەگینا بەپێی دەستوور و هەموو یاسا كان و بەتایبەتیش یاسای بودجەی عێراق بێت بەهیچ شێوەیەك ئاستەنگ دانان و بڕینی موچە و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان كارێكی نایاساییە . هێڤیدار ئەحمەد سەبارەت بەپشكی هەرێمی كوردستان لەبودجەی عێراقدا وتی لە 2004 ەوە تاكو ئێستا عێراق 1218 ملیار دۆلاری هەبووە دیارە لەو بڕە پارە زەبەلاح و گەورەیە تەنیا 0.6% ی بۆ هەرێمی كوردستان نێردراوە ، تەنانەت لەساڵی 2019 دا عێراق 6 تریلیۆن و 400 ملیار دیناری لەو نەوتەی هەرێمی كوردستانی لەبودجەدا بڕیوە و حكومەتی عێراق تەنیا لە 4%ی بودجەی گشتی عێراقی بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە ، بەهەموو پێوەرەكان هەرێمی كوردستان پابەندبووە بە رێكەوتن و بڕیارەكان ئەوە بەغدا بووە دۆسێی نەوت و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانی بەلارێدا بردووەو بۆ مەبەست و ئامانجی دیكەی بەكارهێناوە و هیچ جارێك حكومەتی عێراق پابەند نەبووە . لەكاتی پێكهێنانی حكومەتەكەی محمد عەلاوی كە شكستی هێنا جارێكی دیكە ئەو گرفتە سەریهعەڵداو وەكو كارتێكی فشار دژی هەرێمی كوردستان بەكاریان هێنا زوڵفیش بەهەمان شێوە شكستی هێناو ئێستا كازمی هاتووە دیسان دەیەوێت فشار لەسەر هەرێمی كوردستان دروست بكات وەكو كارتێك بۆ ملكەچبوونی كورد بەكاریبهێنێت و دەیانەوێت كورد لەعێراقدا ملكەچی داواكارییەكانی هەندێك لایەنی سیاسی بێت كە بەفیتی دەرەكی هاندەدرێت و زیانی گەلی كوردستان و ئەزموونەكەیان دوێت ، هەركاتێك كورد تەنازولی لەمافە دەستووری و هەموو شایستە داراییەكانی كرد ئەو كات پارەی موچە دەنێرن ، بابەتەكە تەنیا موچە نییە كورد بەدەیان ماف و شایستە دارایی لەعێراق هەیە و چەندین ساڵە بێبەشی دەكەن لێی ، ئەوان هەرگیز خوازیاری ئەوە نین حكومەتێكی بەهێز لە هەرێمی كوردستان هەبێت و سەقامگیرییەكی سیاسی هەبێت ، دەیانەوێت لەرێگەی جەنگی ئابووری و گەمارۆو دەستبردن بۆ ئابووریی هەرێمی كوردستان ئەو سەقامگیرییە سیاسییە لەناو ببەن.
سەبارەت بەهەوڵەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێم هێڤیدار ئەحمەد جێگری سەرۆكی لێژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان وتی: جەنابی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەهەوڵەكان و گفتوگۆكانیان بەردەوامن ، ئێمە لەو بڕوایەداین ئەو دوو بەڕێزە دەتوانن جارێكی دیكەش كورد لەناو ئەو قەیرانە سەختەدا دەرباز بكەن كە هەموو جیهانی مرۆڤایەتی دووچاری بووە، دۆخەكە زۆر سەختە و قەیرانی كۆرۆناو لێكەوتەكانی و دابەزینی بەهای نەوت هەموو پێگەوە زیانێكی گەورەی دارایی و ئابووری بەدوای خۆیدا هێناوە، ئێستاكە فشارەكانی بەغدای هاتۆتە سەر هەربۆیە بەگفتوگۆو دیالۆكەكان و دانوستانەكان سەركردایەتی كورد ئەمجارەش لەبەردەم ئەم تەحەدییەدا دەربازی دەبێت.
Top