ئوسترالیا داوا لە تەندروستیی جیهانیی دەکات لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی کۆرۆنا بکەن

ئوسترالیا داوا لە تەندروستیی جیهانیی دەکات لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی کۆرۆنا بکەن
سکۆت مۆریسۆن، سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا ئەمڕۆ پێنجشەممە گوتی، پێویستە تێکڕای ئەندامانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی هاوکاریی یەکتر بکەن، بۆ لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆی پێشنیارکراو، سەبارەت بە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

سکۆت مۆریسۆن، قسەی لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردەی جیهانیی کردووە، لەناویاندا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەمەبەستی کۆکردنەوەی پشتگیری لە لێکۆڵینەوەکردن لە ئەسڵی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، کە لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوودا لە چیین دەرکەوت.

لەمیانەی بانگهێشتەکەشیدا، مۆریسۆن داوای لە تێکڕای ئەندامانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی کردووە، کە بەشداریی لە لێکۆڵینەوەکەدا بکەن.

لە دیدارێکیشیدا لەگەڵ رۆژنامەنووسان لە کانبیرا، گوتی: "کاتێک روو ئەکەیتە ئەندامێتیی لە کۆڕبەندێکی وەک رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی، پێویستە وابەستەبوون و بەرپرسیاری تێیدا بدۆزییەوە".

بە گوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز هاوکات گوتیشی: "دەمانەوێ جیهان سەبارەت بە ڤایرۆسەکان زۆر تەناهیتر و دڵنیاتر بێت، داواش دەکەم هەر وڵاتێکی دیکەش بێ بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵمان بەشدار بێت، جا ئەگەر چین بێ یان هەر وڵاتێکی دیکە".

لەمبارەوە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین گوتی، داوای ئوسترالیا بۆ لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەن سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنای نوێ مانۆرێکی سیاسییە، پێویستە واز لە (لایەنگریی فکری) بێنێت.

لە وەڵامی کۆمێنتێکی مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کە داوای کردبوو چین ئەو جۆرە بازاڕانە دابخات، کینگ چوانگ، گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی چین، بۆ رۆژنامەنووسان گوتی: "چین هیچ بازاڕێکی گۆشتی خاوی ئاژەڵە وشکاوەکییەکانی نییە".












باسنيوز



Top