سەباح هەورامی: پێویستمان بە 20 رۆژی دیکەیە تاوەکو لەبارەی کۆرۆناوە بەرچاومان روون بێت

سەباح هەورامی: پێویستمان بە 20 رۆژی دیکەیە تاوەکو لەبارەی کۆرۆناوە بەرچاومان روون بێت
لە سنووری پارێزگای سلێمانی، تەنیا پێنج تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکاندا ماون، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانیش دەڵێ "پێویستمان بە 20 رۆژی دیکەیە تاوەکو لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بەرچاومان روون بێت ئایا ڤایرۆسەکە بەتەواوەتی کۆتاییهاتووە یان نا"، ئاماژە بەوەش دەکات، لەوانەیە لە چەند کاژێری داهاتوودا زۆربەی تووشبووەکان نەخۆشخانە جێبهێڵن.

د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی راگەیاند "ئەوەی وەکو تەندروستی پێشكەشمان کردبوو زیاتر لەوە ئاسانکاری کراوە؛ هاووڵاتییان کە دەچنە شوێنە قەرەباڵخەکان سەرکێشییە و مەترسیی ئەوە هەیە تووشی کۆرۆنا ببن، چونکە هێشتا مەترسیی ڤایرۆسەکەمان ماوە".

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی گوتیشی "کۆرۆنا لە هەرێمی کودستان و سلێمانی لەژێر کۆنترۆڵدایە، بەڵام لە مەترسیی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەربازمان نەبووە، چونکە کۆرۆنا لە جیهاندا هێشتا کۆتایی نەهاتووە".

دەربارەی کۆی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرنا لە سنووری پارێزگای سلێمانی، د. سەباح هەورامی ئاماژەی بەوە کرد "پێنج تووشبووی کۆرۆنا لە سلێمانی ماون، لەوانەیە لە چەند کاژێری داهاتوودا زۆربەیان نەخۆشخانە جێبهێڵن. دووانیان تاوەکو ئێستا دوو پشکنینیان نێگەتیڤ بووە، ئەگەر ئەنجامی سێیەمی پشکنینیان نێگەتیڤ دەربچێت، نەخۆشخانە جێدەهێڵن و دەگەڕێنەوە ناو خانەوادەکانیان".

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی باسی لەوە کرد، ئەوانەی لە کەرەنتینەکان بوون ژمارەیەکی کەمیان ماون، بەڵام بەهۆی گەڕانەوەی ژمارەیەک خوێندکار و کەسانی دیکە لە دەرەوە، ژمارەی کەرەنتینکراوان زیاد دەکات.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا 337 تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش 303 تووشبوویان چاکبوونەتەوە و چوار تووشبوویش گیانیان لەدەستداوە، تەنیا 30 تووشبوو لە نەخۆشخانەکاندا ماونەتەوە.









رووداو
Top