پەرلەمانتارێکی گۆڕان: بەغدا ناتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ببڕێت

پەرلەمانتارێکی گۆڕان: بەغدا ناتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ببڕێت
ئەندامێکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، حکوومەتی عێراق ناتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ببڕێت، بەڵام بۆ فشاری سیاسی نووسراوێک لەمبارەیەوە بڵاو کراوەتەوە.

لەبارەی ئەو نووسراوەی کە بە مەبەستی بڕینی بەشەمووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە لایەن ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە دەرکراوە. بەھار مەحموود، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فرۆکسیۆنی گۆڕان، ڕایگەیاند، ڕاگرتنی بودجەی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە ھەروا کارێکی ئاسان نییە و بەپێی دەستووری عێراق، ڕێککەوتن کراوە و پێویستە حکومەتی ھەرێم و بەغدا پاپەندی ڕێککەوتنەکەیان بن.

ڕوونیشی کردەوە: "ئەو نووسراوەی کە بڵاوکراوەتەوە و تێیدا باس لە ڕاگرتنی بودجەی ھەرێمی کوردستان کراوە، ڕەنگە فشاری سیاسی لە پشتەوە بێت، بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتەکەی بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق ڕێککەوتنی نوێ لەم کابینەیەی ئێستای حکوومەتی عێراق بکات“.

بەھار مەحموود جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە ئەو بڕە نەوتەی کە دیاری کراوە، ھەناردە بکات و رادەستی عێراقی بکات، ”بێگومان حکوومەتی عێراق ناتوانێت بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان ببڕێت، دواجار حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێککەوتن دەکەن و بەغداش بودجەی ھەرێمی کوردستان نابڕێت“.












باسنیوز



Top