زانیاری لەبارەی کاراکردنەوەی هێڵەکانی گواستنەوەی گشتی راگەیاندرا
سەڵاح جەوهەر، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاندووە، هەموو پارێزگاكان پێشنیازیان کردووە، هێڵەکانی گواستنەوە کارا بکرێنەوە و ئەوانیش لە وەزارەت سەرقاڵی تاوتوێکردنی داواکارییەکەن و لە ئایندەیەکی نزیکدا وەڵامیان دەدەنەوە.
ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە بە مەرج و رێنمایی تەندروستی، سەرەتا تەنها هێڵەكانی ناو شار دەكرێنەوە و هێڵەكانی دیكە ناكرێنەوە، ئەویش پێویستە ماسك ببەستن و دەستكێشیان لە دەست بێت، هەروەها بەردەوامیش ناو ئۆتۆمبێلەکانیان بڕشێنن و سەرنشینەكانیش لە یەك دوور بن و زۆر سەرنشین سواری ئۆتۆمبێلەكانیان نەكەن.
لە چوارچێوەی ڕێکارەکانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆڕۆنا، هێڵەکانی گواستنەوەی گشتی لە هەرێمی کوردستان، وەک زۆربەی بوارەکانی دیکەی ژیان، زیاتر لە مانگێکە راگیراون و تائێستاش کارا نەکراونەتەوە.
باسنيوز
