ڕاگەیەندراوێک بە ناوی گوته‌بێژى فه‌رمیی باره‌گاى بارزانى
ئێمه له كاتێدا رایده‌گه‌یێنین كه پشتیوانى له هه‌موو هه‌نگاو و كاره‌كانى حكوومه‌ت ده‌كه‌ین بۆ بونیادنانى ده‌وڵه‌تێكى دیموكراسى و شارستانى كه تیایدا ده‌ستوور و یاسا و هاونیشتیمانىبوون تێیدا سەروەر بێ، ئەو هەوڵانەش ڕەت دەکەینەوە كه هه‌وڵى رێگریكردن له هه‌نگاوی راست و دروست و لێدوانی نابهرپرسیارانە ده‌ده‌ن و دەشڵێین: پێشمەرگه به گوێره‌ى بڕگه‌ى پێنجه‌مى مادده‌ى 121/ ده‌ستوور هێزێکی شەرعی و یاساییە.
هێزی پێشمەرگە دواى ده‌یان ساڵ له خه‌باتدا بووە دژى دیكتاتۆرییه‌ت و قوربانیى زۆری داوە له پێناو دۆزی گەلی كورد و ده‌وڵه‌تى عێڕاقدا، نابێ ناوی بخرێتە لیستی ئەو کۆمەڵە چه‌كدارانەی بە نایاسایی دروست بوونە و سەروەریی ده‌وڵه‌ت و گەلانی عێراقیان پێشێل و ئه‌تك كردووه و وەک هێزێکی ده‌وڵه‌تى ناو ده‌وڵه‌تدا ڕەفتار دەکەن، کە جگه له خزمه‌تكردنى به‌رژه‌وه‌ندییه ته‌سكه‌كانى خۆیان و جێبه‌جێكردنى ئه‌جێنداى ده‌ره‌كى ئامانجێکی دیکەیان نییە.
ئه‌وه‌ى پێشمه‌رگه ناناسێ با بچێ لاپه‌ڕه‌كانى مێژوو بگه‌ڕێ، ئه‌و كاته ده‌زانێ كه پێشمه‌رگه قه‌ده‌رى میلله‌تى كورد و هێڵى سووره، له رابردوودا قه‌ڵاى پۆڵایین و پارێزه‌رى باوه‌ڕپێكراوى ئاسایش و ئارامیى هه‌رێمى كوردستان بووه و هه‌ر وایش ده‌مێنێته‌وه. هێزی پێشمەرگە به‌شێكه له هێزه سه‌ربازییه ده‌ستوورییه‌كان و، هه‌ر هه‌نگاوێكیش كه بنرێ به‌ره‌و هێشتنه‌وه‌ى چه‌ك ته‌نیا به ده‌ستى ده‌وڵه‌ته‌وه، ده‌بێ دوور له موزایه‌داتى ئه‌وانه‌ى شاره‌زاى مێژوو نین ئه‌و راستییه له به‌رچاو بگیرێ.
ڤیان ده‌خیل
گوته‌بێژى فه‌رمیى باره‌گاى بارزانی
۱۸ـی ٤ـی ۲٠۲٠
PDK
