پۆلیس: لە سۆران کچێک دوای ددان کێشانی گیانی لەدەستدا

پۆلیس: لە سۆران کچێک دوای ددان کێشانی گیانی لەدەستدا
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی قەزای سۆران سەر بە پارێزگای هەولێر رایگەیاند، لە سۆران کچێک دوای ددان کێشانی تەندروستی تێکچووە و گیانی لەدەستدا.

موقەدەم شەماڵ دێواری، گوتەبێژی پۆلیسی سۆران راگەیاند "کاژێر 03:30ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ئاگادار كراینەوە کە کچێک بەناوی (س.ع.ح) بەمەبەستی ددان كێشان چووەتە نەخۆشخانەیەکی سۆران و ددانی دەرهێناوە. دوای ئەوەی گەڕاوەتەوە ماڵەوە تەندرووستی تێكچووە و هێناویانەتەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام لەڕێگە گیانی لەدەستداوە".

موقەدەم شەماڵ دێواری ئەوەشی گوت "كچەكە خەڵكی شارۆچکەی سیدەكان بوو و لەدایکبووی 2004 بوو، هەرچەندە تاوەکو ئێستا هۆکاری گیانلەدەستدانی کچەکە نەزانراوە، بەڵام کەسوکارەکەی سکاڵایان تۆمارکردووە".

گوتەبێژی پۆلیسی سۆران، ئاماژەی بەوەدا "لەسەر فەرمانی دادوەر تەرمەكە رەوانەی پزیشكی دادی سۆران كراوە و لێكۆڵێنەوە دەستیپێكردووە".


هاوکات مەقسود ئیسماعیل، بەڕێوەبەری تەندروستیی سۆران راگەیاند: نەخۆشەکە لە نەخۆشخانەی سیدەکان ددانی بۆ کێشراوە، دوای تەواوبوونی بە پێی خۆی چووەتەوە ماڵەوە و باری تەندروستی جێگیر بوو. دواتر لەھۆشخۆی دەچێت و لە ماڵەکەی خۆیدا گیانی لەدەستداوە و ئێمە لە بەشی یاسایی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان سەرقاڵی بەدواداچوونین.

بەڕێوەبەری تەندروستیی سۆران ئەوەشی گوت "تەرمی کچەش بردراوەتە پزیشکی دادی بۆ ھۆکاری گیانلەدەستدان و کەس و کارەکەشی سکاڵایان لە سەر نەخۆشخانە و دکتۆرەکە تۆمارنەکردووە و سبەش تەواوی بابەتەکە روون دەبێتەوە".
Top