سەرکردەیەکی یه‌كێتی: سەرمان لە بێ هه‌ڵوێستیی په‌كه‌كه‌ سوڕماوە

سەرکردەیەکی یه‌كێتی: سەرمان لە بێ هه‌ڵوێستیی په‌كه‌كه‌ سوڕماوە
سەرکردەیەکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرسوڕمانیی خۆی لەبارەی بێ هەڵوێستیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەبەرامبەر هێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوا، نیشان دەدات.

مەلا رەحیم، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتی رایگەیاند، ئەرکی پاراستنی باکوور و رۆژئاوای کوردستان لە ئەستۆی پەکەکەیە، بەڵام لەو دۆخەی رۆژئاوای کوردستان، ”بەداخەوە“ پەکەکە تەنانەت نەیتوانی رێکخستنەکانی خۆی بجوڵێنێت.

مەلا رەحیم سەرسوڕمانیی خۆی لە بێ هەڵوێستیی پەکەکە نیشان دا و پێی وایە دەبوو پەکەکە لەبارەی هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان هەڵوێستی هەبوایە، "چاوه‌روانی شتی گه‌وره‌مان لێده‌كرد به‌س نه‌ی كرد".

رۆژی چوارشەممە 9-10-2019، بە سەرپەرشتیی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، هێرشی زەمینی و ئاسمانیی سوپای تورکیا و گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، دەستی پێ کرد.

دوای هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە)، کە باڵی سەربازیی ئیدارەی خۆجێیی رۆژئاوایە، رێککەوتنێکی لەگەڵ رژێمی سووریا واژۆ کرد و لە 13ـی ئۆکتۆبەری 2019، چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستانی رادەستی رژێمی سووریا کرد.

دوای رێککەوتنەکە، رژێمی سووریا هەسەدەی وەک بەشێک لە سوپای عەرەبیی سووریا راگەیاندووە و ناوەکەشی بۆ فەیلەقی پێنجی سوپای سووریا، گۆڕی.










باسنیوز
Top