سێپان شێروانی: بەرهەمی نەوتی هەرێم لەداهاتوویەكی نزیكدا دەگاتە ٢٠٠ هەزار بەرمیل و لەسەر مافە دەستوورییەکان سازش ناکەین

سێپان شێروانی: بەرهەمی نەوتی هەرێم لەداهاتوویەكی نزیكدا دەگاتە ٢٠٠ هەزار بەرمیل و لەسەر مافە دەستوورییەکان سازش ناکەین


لە دیمانەیەکی تایبەتی گۆڤاری گوڵاندا، سێپان شێروانی ئەندامی لێژنەی نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، تیشکی خستە سەر دوایین گۆڕانکارییەکانی پەیوەست بە دۆسیەی نەوت و بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بارودۆخی هێزەکانی پێشمەرگە و ناوچە جێناکۆکەکان.
بوژانەوەی کەرتی نەوت و زیادبوونی بەرهەم
سەبارەت بە دۆسیەی نەوت و پەیوەندیی نێوان کۆمپانیاکان و حکومەتی هەرێم و فیدراڵ، سیپان شێروانی ڕایگەیاند کە پێشکەوتنی بەرچاو بەدی دەکرێت. ئاماژەی بەوە کرد کە بەپێی ڕێککەوتنێکی نوێ عەلی زەیدی بە نووسراوی فەرمی زەمانەتی داوەتە کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ بەردەوامبوون لە کارەکانیان. وتیشی: "پێشبینی دەکەین لە داهاتوویەکی نزیکدا بەرهەمی نەوتی هەرێمی کوردستان بگاتە ٢٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ئێستا پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حکومەت و کۆمپانیاکان لە دۆخێکی ئاساییدایە."
بودجەی ٢٠٢٧؛ جەختکردنەوە لەسەر شەراکەت
لە تەوەرێکی تری دیمانەکەدا، شێروانی باسی لە پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٧ کرد. ئاماژەی بەوە دا کە هەرچەندە بەپێی یاسا دەبێت بودجە لە مانگی تشرینی یەکەمدا بگاتە پەرلەمان، بەڵام هەمیشە دواکەوتن هەبووە. بە گوتەی ناوبراو وەزیری دارایی عێراق بەڵێنی داوە کار بکات بۆ ئەوەی بەر لە هاتنی ساڵی نوێ بودجە ئامادە بێت. شێروانی جەختی لەوە کردەوە کە کورد پێداگیرە لەسەر پرەنسیپی "هاوبەشی راستەقینەو، تەوافوق و تەوازون" و وتی: "پێویستە ماف و ئەرکەکانی هەرێم لە بودجەدا بەپێی ڕێککەوتنی سیاسی و دەستووری جێگیر بکرێن، نەک بە مەنتیقی زۆرینە و کەمینە."
ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی
لەبارەی پرۆسەی دەستگیرکردنی گەندەڵکاران، پەرلەمانتار سێپان شێروانی دەستخۆشی لەو هەنگاوانە کرد. ئاماژەی بەوە دا کە عێراق ٢٠ ساڵە لەناو گەندەڵیدا نغرۆ بووە و بڕی ئەو پارەیەی بەهۆی گەندەڵییەوە بەفیڕۆ چوو بە تریلیۆنێک دۆلار دەخەمڵێنرێت. وتیشی: "ئەم جووڵەیەی ئێستا مەترسی بۆ گەندەڵکاران دروست کردووە، ئەگەر تەنیا ٢٠٪ی ئەو گەندەڵییە بنبڕ بکرێت، کاریگەریی گەورەی لەسەر باشبوونی خزمەتگوزارییەکان دەبێت."
پێشمەرگە و ناوچە جێناکۆکەکان؛ هێڵی سوور
سەبارەت بە مەلەفی پێشمەرگە، شێروانی بە توندی ڕەتی کردەوە هیچ جۆرە موساوەمەیەک لەسەر ئەم هێزە بکرێت و گوتی: "پێشمەرگە بە بڕیار دروست نەبووە تا بە بڕیار هەڵبوەشێتەوە، بەڵکو لە ناو ئازاری میللەتدا گەورە بووە." هاوکات لەسەر پرسی ناوچە جێناکۆکەکان، جەختی لە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ کردەوە وەک تاکە چارەسەر بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەکان و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییانەی کە داعش سوودی لێ وەردەگرێت.
لە کۆتاییدا، شێروانی ئاماژەی بەوە دا کە هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی پرسی زیندانیانی سیاسی و هاوتاکردنیان لەگەڵ عێراق بەردەوامە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناو پەرلەمان کاری جدی لەسەر دەکەن.

Top