"شاندێکی باڵای پەرلەمانی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات"

بڕیارە بە مەبەستی ئاگاداربوون لە ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق و گەرەنتیکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان، شاندێکی پەرلەمانی کوردستان سەردانی بەغدا بکات و ئەندامێکی لیژنەی داراییش ئاشکرای کرد، لیژنەیەکی باڵای پەرلەمانی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات.

محەمەد سەعدەدین، ئەندامی لیژنەی داراییی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند: "بودجەی گشتیی عێراق لە لایەن پەرلەمانەوە پەسەند دەکرێت و کوتلەکانی پەرلەمانیش ڕۆڵی گەورەیان ھەیە، ئێمە وەک پەرلەمانی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی بەرپرسیاریەتی لەسەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ کوتلەکانی پەرلەمانی عێراق لە ھەوڵداین بۆ ئەوەی ھەموو کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا چارەسەر بکرێن، لەوانەش بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستان."

ئەندامەکەی لیژنەی داراییی پەرلەمان گوتی: "لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە لیژنەیەکی باڵا پێک دێت بە سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆکی پەرلەمان سەردانی بەغدا دەکەن و لیژنە پەیوەندیدارەکانیش بەردەوام لە ھەوڵدان بۆ ئەوەی ھەریەکە و بەپێی تایبەتمەندیی خۆی لەگەڵ لیژنەکانی پەرلەمانی عێراق دانوستان لەسەر پرسەکان بکەن، بەتایبەتی گەرەنتیکردنی بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستان."

سەعدەدین ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لێکتێگەیشتنی باش ھەیە و ھیچ خولێکی پەرلەمان وەک ئێستا پەیوەندیی نێوان ھەردوو پەرلەمان لە ئاستێکی باشدا نەبووە، ھەماھەنگییەکی باش ھەیە و سەردانەکانیش لە لایەن ھەردوولاوە بەردەوام دەبن تا گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی، بەڵام کاتی سەردانی شاندی پەرلەمانی کوردستان بۆ بەغدا دیاری نەکراوە، ھەرچەندە پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژانی داھاتوودا سەردانەکە بکرێت."
Top