750 خێزانی داعش لە عەین عیسا هەڵاتن

750 خێزانی داعش لە عەین عیسا هەڵاتن
نووسینگەی کاروباری مرۆیی لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بڵاوی کردەوە، بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیا ٧٥٠ خێزانی داعش لە کەمپی (عەین عیسا) لە نزیک گرێ سپی و سەرێ کانی رایان کردووە.

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هۆشداریی دەدات، دۆخەکە مەترسیدارە و نزیکە لە کۆنترۆڵ دەربچێت.

لەمبارەوە پەیامێنری کەناڵی (کوردستان24) ئاشکرای کردووە، فڕۆکەکانی تورکیا کەمپی (عەین عیسا)یان بۆردومان کردووە و هەوڵ دەدەن رێگای نێوان شارەکان ببڕدرێت، بەڵام تاکوو ئێستا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە.

سەرەڕای نیگەرانییەکان، هیچ ئاماژەیەک لەسەر ئاستی نێودوڵەتی بۆ وەستانی جەنگ و بۆردومانەکانی سوپای تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان نییە و تاکوو دێت ژمارەی ئاوارە و قوربانیان زیاتر دەکات.

بەپێی دوایین ئامار و داتاکان هەتا ئێستا ١٣٠ هەزار هاووڵاتی لە ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژئاوای کوردستان بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیا ئاوارە بوون، نزیکەی ٣٠ هاووڵاتیی سڤیل و نزیکەی ٥٠ شەڕڤان شەهید بوون و ١٥٠ هاووڵاتیی سڤیل و شەڕڤانیش لەو شەڕەدا بوونەتە قوربانی.

هاوکات بەشێکی زۆر لە ئاوارەکان لە ڕەشێکی خراپدان و لەڕووی ئیمکانات و بەتایبەتی ئاوی خواردنەوەیان پێ ناگات.










باسنيوز
Top