مەترسیی هەڵاتنی 3500 چەکداری داعشی عێراقی لە گرتوخانەکانی هەسەدە هەیە

مەترسیی هەڵاتنی 3500 چەکداری داعشی عێراقی لە گرتوخانەکانی هەسەدە هەیە
بەهۆی هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، مەترسیی هەڵاتنی سێ هەزار و 500 چەکداری عێراقیی سەر بە رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە گرتوخانەکانی هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە) هەیە.

ئەو چەکدارە عێراقییانەی داعش لەلایەن هێزەکانی هەسەدەوە لە سووریا دەستگیر کراون و بەشێکیان لە کەمپی هۆل و بەشێکیشیان لە گرتووخانەکان، دەستبەسەر کراون.

بەهۆی سەرقاڵبوونی هێزەکانی هەسەدە بە بەرپەرچدانەوەی هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، مەترسیی هەڵاتنی ئەو چەکدارە داعشانە هەیە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 13-10-2019، فۆژنامەی (سەباح)ی فەرمیی عێراقی بڵاوی کردووەتەوە، کە تا ئێستا هەسەدە یەک هەزار و 500 چەکداری عێراقیی داعشی رادەستی ئەو وڵاتە کردووەتەوە.

ئەبو عەلی ئەلبەسری، بەڕێوەبەری گشتیی هەواڵگریی وەزارەتی ناوخۆی عێراقی رایگەیاندووە، ئەو چەکدارانە خاڵێکی هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی عێراق و ناوچەکە و جیهان بە گشتی.

رۆژی چوارشەممە 9-10-2019، بە سەرپەرشتیی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، هێرشی زەمینی و ئاسمانیی سوپای تورکیا و گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، دەستی پێ کرد.

هەسەدە هێزێکی سەربازییە و بە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش، پێکهاتووە. یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان باڵی سەرەکیی ئەو هێزەیە.










باسنيوز
Top