هەسەدە: زیاتر لە ٧٠ چەکداری تورکیا و ئۆپۆزسیۆنی سووریا کوژراون

 هەسەدە: زیاتر لە ٧٠ چەکداری تورکیا و ئۆپۆزسیۆنی سووریا کوژراون
بەپێی زانیاریی میدیاکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە شەڕ و پێکدادانی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، ٧٥چەکداری تورکیا و گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپزسیۆنی سووریا کوژراون و حەوت ئۆتۆمبێلی سەربازیی تورکیاش تێکشکێندراون.

هێرش و داگیرکاریی سوپای تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان ماوەی پێنج ڕۆژە دەستی پێکردووە و تورکیا لەڕێگەی تۆپباران و بۆردومانی فڕۆکە و هێزی زەوینییەوە لە هەوڵدایە بڕواتە ناو شارەکانی (سەرێکانی و گرێ سپی)یەوە، بەڵام لەلایەن شەڕڤانانی هەسەدەوە ڕێگرییان لێ کراوە و شەڕێکی قورس ڕۆژانە لە ئارا دایە.

بەپێی دوایین ئاماری ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و میدیاکانی هەسەدە، لە ئەنجامی هێرش و لەشکرکێشیی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان هەتا ئێستا ١٠٠ هەزار هاووڵاتیی سڤیل ئاوارە بوون.

هاوکات نزیکەی ٢٧ هاووڵاتیی سڤیل و ٤٥ شەڕڤانی هەسەدەش شەهید و بریندار بوون و ١٥٠ کەسیش بریندار بوون.

لە کاردانەوە بەو هێرشەی تورکیا لە ئاستی پارچەکانی کوردستان و بەتایبەت باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کوردانی تاراوگە (ئەورووپا و ئەمریکا و کەنەدا) خۆپیشاندانی فراوانی جەماوەریی ڕێک خراوە و وێڕای ئیدانە و شەرمەزراکردنی ئەو لەشکرکێشییانەی سوپای تورکیا، هاوکات داوایان لە کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی کردووە بە فشارخستە سەر تورکیا هێرشەکان ڕابگرێت.

بەپێی زانیارییەکان بە دەیان وڵاتی ئەورووپی و عەرەبی ئیدانەی ئەو هێرشەی تورکیایان کردووە و وڵاتانی (ئەڵمانیا، فەڕەنسا، نەرویج، هۆڵەندا و بەلجیکا) بەهۆی ئەو هێرشانەوە بڕیای قەدەغەی فرۆشتنی چەکۆچۆڵیان بە تورکیا داوە.






باسنيوز
Top