سەرۆکی حزبێکی کوردیی سووریا شەهید کرا

سەرۆکی حزبێکی کوردیی سووریا شەهید کرا
سەرۆکی پارتی موستەقبەلی سووریا لە ئەنجامی هێرشێکی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، شەهید کرا.

هەڤرین خەلەف، ژنە سەرۆکی پارتی موستەقبەلی سووریا، ئەمڕۆ شەممە ١٢ی ١٠ی ٢٠١٩، لە ڕێگەی نێوان شاری قامیشلۆ و ڕەققە، هێرشی کرایە سەر و شەهید کرا.

هەندێک لە زانیارییەکان باس لە بۆردومانکردنی ئۆتۆمبێلەکەی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە دەکەن، بەڵام میدیای پەکەکە بڵاوی کردووەتەوە کە هەڤرین خەلەف لە ئەنجامی هێرشێکی چەکدارانی داعش شەهید کراوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە دوێنێ هەینی، هەڤرین خەلەف، وەک سەرۆکی پارتی موستەقبەلی سووریا، راگەیاندراوێکی دەرکردبوو و تێیدا هێرشەکەی تورکیای بۆ سەر چەند ناوچەیەکی ڕۆژئاوای کوردستان بە پیلانگێڕی و داگیرکاری ناو بردبوو، هاوکات بە هۆکاری هەڵگیرساندنی فیتنە لە نێوان پێکهاتەکانی سووریا لە قەڵەمی دابوو.

هاوکات لەگەڵ هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان کە بە پاڵپشتیی سوپای سووریای ئازاد و گرووپی ئیسلامیی توندڕەو ئەنجامی دەدات، جموجۆڵی داعش لە ناوچەکە زیادی کردووە و تاوەکوو ئێستاش چەندان کردەوەی تیرۆریستی و تەقینەوەیان ئەنجام داوە.













باسنيوز
Top