هەولێر.. نووسەر و ڕۆشنبیرێکی کورد کۆچی دوایی کرد
زیوەر خەتاب، نووسەر و ئەدیب و ڕووناکبیرێکی دیار و خوێنەرێکی جیدیی دنیای ئەدەب و فەلسەفەیە و ماوەی زیاتر لە ٧٠ دەیەی ژیانی 91 ساڵەیی بە خوێندنەوەی ئەدەب و بەرهەم و شاکارە بەرزەکانی جیهان تەرخان کردووە.
زیوەر خەتاب، یەک لەو نووسەر و ڕۆشنبیرانەیە کە زۆری خوێندووەتەوە و کەمی نووسیوە و لە ژیانی خۆیدا لە هەولێر زۆر کەسی پێگەیاندووە و یەک لەو کەسانەیە کە شارەزاییەکی زۆری لەسەر شاعیری ناسراوی عەرەب (جەواهیری) هەیە و کتێبێکیشی لەبارەیەوە نووسیوە.
زیوەر خەتاب ساڵی 1928 لە گەڕەکی "تەیراوە"ی هەولێر لەدایک بووە و لە تەمەنی خۆیدا چوار کتێبی بە زمانی عەرەبی لەبارەی ئەدەب و ژیان و گەردوون نووسیوە و زیاتر کەسێکی پەراوێزنشین بووە و بە بێدەنگی خوێندوویەتەوە و ئەمڕۆ چوارشەممە لە هەولێر کۆچی دوایی کرد.
ئازاد عەبدولواحید نووسەر و سەرنووسەری گۆڤاری ڕامان، لەبارەی ژیان و بەرهەم و ئایدیا و فکر و باوەڕی دیمانەیەکی فراوانی لەگەڵ ساز کردووە و لە کتێبێکدا بەناوی "دروێنەی ڕۆژهەکانی زیوەر خەتاب" چاپ و بڵاوی کردەوە و پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو لە ڕێوڕسمێکدا لە یەکێتیی نووسەرانی کورد – لقی هەولێر بە ئامادەبوونی نووسەران و ڕۆشنبیران و بنەمالەکەی خرایە روو.
تەرمی زیوەر خەتاب ئەمڕۆ لە شاری هەولێر بە خاک دەسپێردرێت و سبەی پرسە و سەرەخۆشیی بۆ دادەنرێت.
باسنيوز
