ڤیان سەبری : ئەنجومەنی نوێنەران تەنیا مافی یاسا دەكردنی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان هەیە

ڤیان سەبری : ئەنجومەنی نوێنەران تەنیا مافی یاسا دەكردنی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان هەیە
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوە دەكات، لە دەستووری عێراقدا هیچ بڕگەیەك بۆ سڕكردنی کاروباری ئەنجومەنی پارێزگاكان نییە و بابەتی سكڕكردنیش لە دەسەڵاتی پەرلەمانی عێراقدا نییە.



ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاگەیاند: "لە یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ی ٢٠٠٨ی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا هاتووە كە چارەسەركردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ناكرێت، تەنیا لە دوو حاڵەتدا نەبێت یەكەم پارێزگار داوایەك پێشكەش بكات، یان دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنەكە داوا بكەن، ئەمە بەو واتایەی كە بابەتی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەستوورییە و لە دەستووردا هاتووە، بۆیە لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی نوێنەراندا نییە سڕی بكات".



ئەوەشی خستە ڕوو: "ئەنجومەنی نوێنەران تەنیا مافی یاسا دەكردنی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان هەیە، لیستە كوردستانییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانیش بە محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانیان ڕاگەیاندووە كە بڕگەی سڕكردن دەستووری نییە و ئێمە لەگەڵی نین".



هاوكات سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەش كرد: "هیچ بڕگەیەكی سڕكردن لە دەستووردا نییە، بۆیە ئێمە وەك لیستە كوردستانییەكان لەگەڵی نین، چونكە پێویست نییە".



ئەمە لە کاتێکدایە کە دوێنێ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆبوونەوەی خۆیدا کۆمەڵێک بڕیاری دەرکرد و یەک لەو بڕیارانە سڕکردنی کاروباری ئەنجومەنی پارێزگا، قەزا و ناحیەکانی عێراق بوو، جگەلە هەرێمی کوردستان هەتا کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پاریزگاکان کە بڕیارە ڕێکەوتی ١ی٤ی٢٠٢٠ بەڕیوە بچێت.









باسنیوز
Top