بۆ یەكەم جار پەیمانگایەكی تەكنیكی لە مێرگەسۆر دەكرێتەوە

بۆ یەكەم جار پەیمانگایەكی تەكنیكی لە مێرگەسۆر دەكرێتەوە
لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە لە سەرۆكایەتیی زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر بەڕێوە چوو، بە فەرمی لە لایەن سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێرەوە كردنەوەی پەیمانگای تەكنیكیی مێرگەسۆر ڕاگەیاندرا، كە بڕیارە ساڵی دابێ بەفەرمی قوتابی وەربگرێت.

لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا كە بۆ هەریەك لە پ.ی.د. كاوە عەبدولكەریم شێروانی، سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر، د. محەمەد حسێن ئەحمەد، سەرۆكی دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیاییی جۆریی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و، غەفوور مەلا سوار، قایمقامی قەزای مێرگەسۆر ساز درا، وردەكاری و ڕوونكردنەوە لەبارەی كردنەوەی پەیمانگەی تەكنیكیی مێرگەسۆرەوە خرایە ڕوو.

لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا پ.ی.د. كاوە عەبدولكەریم شێروانی، سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر ڕایگەیاند: "كردنەوەی پەیمانگاكە دیارییەكی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ خەڵكی قارەمان و خۆڕاگری مێرگەسۆر و وەك ناوچەیەكی شۆڕشگیر و فیداكارای شۆڕشەكانی كورد، بۆ ئەوەی بتوانرێت خزمەتێكی بچووكی ئەو ناوچەیە بكرێت".

پ.ی.د. كاوە عەبدولكەریم شێروانی گوتیشی: "پەیمانگاكە بە شێوەیەكی كاتی باڵەخانەیەكی لە لایەن قایمقامی قەزاكەوە بۆ تەرخان كراوە، لە داهاتووشدا زەویی بۆ تەرخان دەكرێت، بۆ ئەوەی باڵەخانەی نوێی لەسەر دروست بكرێت."

سەرۆكی زانكۆ ڕوونیش كردەوە: "پەیمانگاكە سێ بەش لە خۆی دەگرێت، هەریەك لە بەشەكانی كارگێڕیی كار، تەكنیكی وەرگێڕانی زمانی ئینگلیزی و بەشی پەرستیاری. پەیمانگاكە ساڵی داهاتوو، واتا ساڵی خوێندنی ٢٠٢٠-٢٠٢١ قوتابی وەردەگرێت و زۆرترین دەرفەتیش بۆ خەڵكی ناوچەكەیە تا بتوانن لە ناوچەكەی خۆیان درێژە بە خوێندن بدەن."

غەفوور مەلا سوار، قایمقامی قەزای مێرگەسۆریش، سوپاسی وەزارەتی خوێندنی باڵا و سەرۆكایەتیی زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێری كرد بۆ بڕیاردان لە كردنەوەی پەیمانگایەكی تەكنیكی لە قەزای مێرگەسۆر و وەك یەكەی ئیداریی قەزاكەش ئامادەییی هەموو هاوكاری و هەماهەنگییەكی نیشان دا بۆ ئەوەی پەیمانگاكە بە زووترین كات كارەكانی تەواو بكات و ساڵی داهاتوو بۆ وەرگرتنی قوتابیان ئامادە بێت.

قەزای میرگەسۆر دەكەوێتە بەشی باكووری ڕۆژئاوای شاری هەولێر، كە پێك هاتووە لە پێنج ناحیە و كۆی گشتیی دانیشتووانەکەی نزیكەی حەفتا هەزار كەسە و پەیمانگەی تەكنیكیی مێرگەسۆریش كە نۆهەمین پەیمانگای تەكنیكیی سەر بە زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێرە، لە سنووری پارێزگای هەولێر سوودێكی زۆری دەبێت لە ڕووی پێگەیاندنی كادری ناوەند و بەتواناوە بۆ ئەو سنوورە.
Top