لایەنە كوردستانییەكانی سنووری خورماتوو لە كەلار كۆ دەبنەوە
ئەرسەلان عەلی، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی خورماتووی پارتی، ڕايگەیاند: "بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 8/10/2019، گشت لایەنە كوردستانییەكانی خورماتوو لە شاری كەلار كۆبوونەوەیەك ئەنجام بدەین، بۆ بڕیاردانی كۆتایی لەسەر چۆنیەتیی بەشداریكردنمان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین و پێشتریش چەند كۆبوونەوەیەكی ڕاوێژكاری لایەنە سیاسییەكانی خورماتوو بەڕێوە چووە".
گوتیشی: "بە حوكمی ئەوەی رێژەی كورسییەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین دابەزیوەتە سەر 13 كورسی، ڕەنگە كورد ئەگەر بە لیستێك بەشداری بكات لەسەر ئاستی ئەو پارێزگایە دەنگی پێویست بەدەست نەهێنێت، بۆیە دەكرێ كاندیدی كورد هەبن لەگەڵ لیستێكی تكریتدا كاندیمان هەبێ وەك كورد و هەموومان دەنگ بەو كاندادانە بدەین".
لە هەڵبژاردنەكانی رابردووی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین كورد توانیویەتی كورسی ئەو ئەنجومەنە بەدەست بهێنێت، بەڵام ئێستا ئاستی كورسییەكانی ئەو ئەنجومەنە لە 31 كورسییەوە دابەزیوەتە سەر 13 كورسی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین و دەنگی كوردانی خورماتووش كە سەر بە سەڵاحەدینن لەڕووی ئیدارییەوە ئەستەمە بگاتە ئاستی كورسی، بۆیە لایەنە كوردستانییەكان پێدەچێت ئەمڕۆ بڕیاری كۆتایی بدەن لەبارەی ئەوەی كاندیدان هەبێت لەنێو لیستە عەرەبییە بەهێزەكانی سەڵاحەدین.
باسنيوز
