بابەتی مووچە و پلە بەرزكردنەوەی پێشمەرگە ڕوون دەکرێتەوە
فەریق جەمال ئیمینكی، سوپاسالاری پێشمەرگە راگەیاند: «لەسەر پێدانی پلە و خەرجكردنی پارەی پلە بەرزكردنەوە لەگەڵ وەزارەتی دارایی لەسەر خەتین، خەریكین چارەسەرێك بدۆزینەوە، بەڵام هەندێك كاتی پێویستە».
بەهۆی قەیرانەوە، لە ساڵی 2016 وە وێرای پلە بەرزكردنەوەیان، بەڵام وەزارەتی دارایی پارەی پلەبەرزكردنەوەی بۆ پێشمەرگە خەرج نەكردووە.
ئیمنکی روونیشی كردەوە، میلاكی وەزارەتی پێشمەرگە زۆر زۆرە، بۆیە بۆ پلەبەرزكردنەوە پارەیەكی زۆری دەوێت، گوتیشی: «ژمارەی پێشمەرگە وەكوو ژمارەی ناوخۆ و وەزارەتەكانی تری خزمەتگوزاری نییە، ژمارەكە زۆرە، بەڵام پلەبەرزكردنەوە و خەرجكردنی پارەی ئەو پلانەی بەرز كراونەتەوە، مافی پێشمەرگەیە و ئێمەش بەردەوام داوای دەكەین و ئەو مافەشیان نافەوتێت».
ئەو دڵنیایی دا بەوەی، ئەو گرفتانەی بۆ مووچە و پلەبەرزكردنەوەی پێشمەرگە بەهۆی قەیرانی دارایی هاتبوونە پێشەوە، قۆناخ بە قۆناخ چارەسەر دەكرێن.
لای خۆیەوە، لیوا بەکر سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاری لە وەزارەتی پێشمەرگە بە (باس)ی راگەیاند، گفتوگۆكانی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی دارایی بەردەوامە بۆ خەرجكردنی پارەی پلەبەرزكردنەوەی پێشمەرگە، گوتیشی: «بەهۆی قەیرانی دارایی، پلەبەرزکردنەوە تەنیا بۆ ناونیشان و پلە گۆڕین بووە و پارەی زیادبوونی پلەكە خەرج نەکراوە، بۆ خەرجكردنی پارەكە لەگەڵ وەزارەتی دارایی لە گفتوگۆداین».
بەرزكردنەوەی پلەی پێشمەرگە بەگوێرەی پلەكانیان لەنێوان 3 ساڵ بۆ 4 ساڵ، تا دەگاتە 6 ساڵ جارێك، بەگوێرەی یاسای ڕاژە و خانەنشینی پێشمەرگە ژمارە 38ی ساڵی 2007، مولازم و مولازمی یەك سێ ساڵ جارێك، نەقیب تا عەمید چوار ساڵ جارێك، لیوا تا فەریق شەش ساڵ جارێك پلەیان بەرز دەكرێتەوە.
بەرپرسەكەی ژمێریاری پێشمەرگە روونی كردەوە، گفتوگۆكان پێشكەوتنی باشیان بەخۆوە بینیوە و هەموو وردەكارییەكانیان پێشكەش بە وەزارەتی دارایی كردووە و چاوەڕوانی دابینكردنی پارە دەكەن.
بەپێی یاسا، دەبێ لە وەزارەتی پێشمەرگە ساڵانە دوو لیستی پلە بەرزكردنەوە دروست بكرێ، یەكێكیان لە نەورۆز و ئەوەی تریشیان لە 11ی ئەیلوول.
بەكر، ئاشكراشی كرد، ئەوانەی لەدوای 2016 وە 2017 پلەكانیان بەرز كراوەتەوە، پارەیان بۆ خەرج نەكراوە.
پارەی هەر پلەبەرزكردنەوەیەكی هێزەكانی پێشمەرگە لەنێوان 40 هەزار دینار بۆ 300 هەزار دینارە.
باسنيوز
