جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا گرنگی سەردانەکەی لاڤرۆڤ بۆ هەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو

جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا گرنگی سەردانەکەی لاڤرۆڤ بۆ هەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو
میخایل بەگدانۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا، بە كوردستان24ی راگەیاند، گرنگی سەردانی وەزیری دەرەوەی رووسیا بۆ ھەرێمی كوردستان تەنیا لە گۆڕینەوەی بیروبۆچووندا خۆی نابینێتەوە، بەڵکو پرسی کورد و ئاڵوزییەکانی عێراق و پرسی سوریا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوتوێ کرا و لە دیدارەكانیش باس لە باشتركردنی پەیوەندییەكان و پرسی وزە و گەشتیاریی كرا.

جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا بە کوردستان24ی راگەیاند: "سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێمە بۆ هەولێر روداوێکی مێژووییە، ئەمە یەکەم سەردانی جەنابیانە بۆ ئەم هەرێمە دڵگیرە، دیداری لەتەک سەرۆکایەتی و سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی دۆستەکانی دیكە لە سەرۆکایەتی هەرێم گەلێ بەسوودو پڕ جۆش و خرۆش بوون".

راشیگەیاند: "یەکتر بینین و گفتوگۆکانمان لەگەڵ دۆست و سەرکردە کوردەکانمان گەلێ بەسود و پڕجۆش و خرۆش بوون، ئەم پەیوەندییانە ریشەی مێژوویی قوڵیان هەیە و دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی یەکێتی سۆڤیەت و سەردەمی قەیسەری رووس".

ئاماژەی بەوەشدا: "خانەوادەی بارزانی خێزانێکی زۆر باشن ، هەر لە جەنابی مەلا مستەفاوە تا نەوەکانی، بارزانی نەمر لە سۆڤیەت 12 ساڵی تەمەنی بەڕێکرد و گەلێ یادەوەری پڕبایەخی تۆمارکردووە دوای خۆشی هەر یەک لە بەڕێزان سەرۆك بارزانی و نەوەکانی بارزانی مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی".

گووتیشی: "هەموولایەک هەر لە عێراق و ئێرانەوە بگرە تا بە سوریا و تورکیا دەگات لە بایەخی پەیوەندییەکانی رووسیا و کوردستان باش تێدەگەن، هەڵبەت لە روسیاش کۆمەڵەی کوردی هەیە کە کاریگەری خۆی هەیە و شایەنی رێزە".

ئاشکراشیکرد: "جەنابی وەزیر لێرە، گرنگی ئەم سەردانە تەنها لە گۆڕینەوەی بیروبۆچووندا خۆی نابینێتەوە، بەڵکو پرسی کورد و ئاڵوزییەکانی عێراق، پرسی سوریا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوتوێ کرا، پاشان تیشک خرایە سەر پەیوەندییەکان بەگشتی لەگەڵ عێراق و لەتەک هەولێر بەتایبەتی، بەو پێیەی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی رووسیی نەوت و گازو بوارەکانی تریش لێرەو لە خاکی کوردستان سەرکەوتووانە کاری خۆیان دەکەن".

لە بارەی سەردانی گەشتیاریی بۆ رووسیا، میخایل بەگدانۆڤ گووتی: "باس لەوە کرا کە بواری گەشت و گوزار پێویستی بە سەرەنج و بایەخی زیاترە، چونکە هەرێمەکە شایەنی سەرەنجی گەشتیار کێش دەکات و ھاووڵاتییانی كورد ئارەزووی گەشتی رووسیا دەکەن، بۆیە باس لە کردنەوەی هێڵی فڕۆکەوانی راستەوخۆ لەنێوان هەولێر و مۆسکۆ كرا".




K24
Top