مەسرور بارزانی: پێویستە ئەنجامدانی پرۆژەکانی وەبەرهێنان بەپێی پێداویستیی هەرێمی کوردستان بن
سەرچاوەیەکی ئاگەدار لە کۆبوونەوەکەی دوێنێ، دووشەممە 7/10/2019، کە بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان کۆبووەوە، ئاشکرای کرد، دیدی حکوومەت بەگشتی لەبارەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان ئەوەیە، کە ئەم پڕۆژانەی تاوەکوو ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا کراون، زیاتر قازانجەکەی بۆ وەبەرهێنەران بووە و حکوومەت و کڕیارەکانی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون سوودێکی ئەوتۆیان پێ نەگەیشتووە، بەو هۆیەوە، دەستەی وەبەرهێنان پێداچوونەوە بە هەموو پڕۆژەکانی وەبەرهێناندا دەکات.
سەرچاوەکە لەبارەی چارەنووسی ئەو پڕۆژانەیش، کە بە نیوەچڵی بەجێ هێڵدراون، ئاماژەی بەوە دا، دەستەی وەبەرهێنان سەقفی زەمەنی و مەرج و باجیان بۆ دیاری دەکات، ئەگەر بێت و پابەندی مەرجەکان نەبن، یان لەو کاتەی کە بۆیان دیاری دەکرێت تەواوی نەکەن، ئەوە لێیان دەسەنرێتەوە.
هەروەها ئاشکراشی کرد، هەندێ وەبەرهێنەر زەوییان وەرگرتووە و تاوەکوو ئێستا پڕۆژەکەی دەست پێ نەکردووە، سەرچاوەکە گوتی: ”داوای لێ دەکرێ بەو ماوە زەمەنییەی بۆی دیاری دەکرێت تەواوی بکات، ئەگەر نا بە هەمان شێوە پڕۆژەکەی لێ دەسەنرێتەوە، بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا دەبێت ئەو باجە بدات، کە دەکەوێتە سەری و مافی ئەو هاووڵاتییانەش بدات، کە لە پڕۆژەکە چوونەتە پێشەوە و بەشێک لە پارەی بەشدارییان داوە، دەبێت ئەو مافە بۆ هاووڵاتییان پارێزراو بێت“.
سەرچاوەکە ئەوەشی خستە ڕوو، کە یاسای وەبەرهێنان هەموار دەکرێتەوە و هەموو ئەو دیدانەی ئێستای حکوومەت سەبارەت بە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان تێدا بە شێوەیەکی یاسایی شوێنی دەکرێتەوە، بە شێوەیەک، کە نابێت لەمەودوا زەویی کشتوکاڵی بۆ پڕۆژەی جیا لە کشتوکاڵ بەکار بهێنرێت، چونکە لە کارنامەی حکوومەتدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە، کە دەبێ کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان ببوژێنرێتەوە، ئەم کارەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارتی کشتوکاڵدا دەبێت.
سەرچاوەکە روونیشی کردەوە، کە لەمەودوا هەموو پڕۆژەکانی وەبەرهێنان بەپێی پلان و پێداویستیی خەڵک دەکرێن، بۆ نموونە، ئێستا لە هەردوو کەرتی پەروەردە و تەندروستیدا، نەخاسمە دروستکردنی قوتابخانە و نەخۆشخانە و بنکەی تەندروستیی نوێ، حکوومەتی هەرێم پێویستیی هەیە، بۆیە لە کاتی مۆڵەتدانی پرۆژەکانی وەبەرهێناندا، پێویستە رەچاوی پڕکردنەوەی پێویستییەکانی ئەو دوو بوارە گرنگە بکرێت.
سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، مەبەست لەو چوارچێوەدانانە بۆ وەبەرهێنان، کەمکردنەوەی وەبەرهێنان لە کوردستان نییە، بەڵکوو بەپێچەوانەوە، دیدی حکوومەت وایە، دوای پێداچوونەوە بەو کەرتە لە ڕێگەی پڕۆژەی وەبەرهێنانی گەورە جووڵەی خێرا و زیاتر بخاتە بازاڕەوە و چەند پڕۆژەی ستراتیژیی گەورە، سەرەتا لە بواری کشتوکاڵ و بەنداوەکان بە ئەنجام بگەیەنێت و پلان و کاری بۆ بکات، جا چ چاککردنی ئەو بەنداوانەی کە کێشە و کەموکووڕییان هەیە، چ دروستکردنی بەنداوی نوێ.
لەمبارەیەوە، بەپێی راگەیەندراوەکەی کۆبوونەوەکەی دەستەی وەبەرهێنان، لە کۆبوونەوەکەدا د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، راپۆرتێکی بە ژمارە و زانیاریی ورد لەبارەی کێشە و گرفت و پێداویستییەکانی پرۆسەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان خستووەتە ڕوو.
لای خۆشیانەوە، بەپێی راگەیەندراوەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردووەتەوە، کە پێویستە پڕۆسەی وەبەرهێنان بە شێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو رێک بخرێتەوە، گوتیشی: ”حکوومەت بەرنامەی پێویست بۆ رێکخستنەوەی پرۆژەکانی وەبەرهێنان دادەڕێژێت، بە جۆرێک، کە ئەنجامدانی پرۆژەکانی وەبەرهێنان بەپێی پلان و پێداویستیی هەرێمی کوردستان بێت“.
هەروەها سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، دووپاتیشی کردووەتەوە کە ئاسانکاریی پێویست بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی دەکەن.
لەم بارەیەوە، د.محەمەد عەلی عوزێری، دکتۆرا و شارەزای یاسایی لە کەرتی وەبەرهێنان، رای گەیاند: ”پڕۆژە هەیە کە بە ستوونی کراوە، بە هەزاران یەکە دروست کراون و یەک داری تێدا نەچێنراوە، جگە لەوەش کارەساتێکی گەورەی یاساییە، زەوی موساتەحە لەسەر ئەو کەسە تاپۆ بکرێت، کە پێی دراوە، یان پڕۆژەی نیشتەجێبوون لەسەر خاوەنی کۆمپانیایەک تاپۆ بکرێت و ئەویش لە پڕۆژەکان شوێنی حکوومەت بگرێتەوە و بە ویستی خۆی بە ناوی خزمەتگوزارییەوە 80 دۆلار تاوەکوو 300 دۆلار لە خاوەنی رەسەنی یەکەیەک وەربگرێت، کە بە چەند دەفتەر دۆلار خانوو و یەکەی کڕیبێت”.
هاوکات، بژار کۆچەر، پەرلەمانتاری پارتی و سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، رای گەیاند، هەمواری پڕۆژە یاسای وەبەرهێنان یەکێکە لەو پڕۆژانەی کە لە بەرنامەی حکوومەتدایە و هەر پڕۆژەیەکیش لە حکوومەتەوە رەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، ئەوا ئەو پڕۆژەیە دەخرێتە پێشەوەی هەموو پڕۆژەکان، چونکە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، هەر پڕۆژەیەک لە حکوومەتەوە رەوانە بکرێت، لە پڕۆژە یەکەمەکان دەبێت.
باسنيوز
