بڕیار و رێنمایی نوێ بۆ گواستنەوەی فەرمانبەران دەردەكرێت
لەو نووسراوەدا، ئەوە بۆ وەزارەت و فەرمانگەكان خراوەتە ڕوو، نابێت بە هیچ شێوەیەك نووسراوی تایبەت بە گواستنەوەی راژەی فەرمانبەران لەنێوان وەزارەت و دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان و گواستنەوە لەسەر میلاكی حكوومەتی ناوەندی بۆ هەرێمی كوردستان، ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران بكرێت: «هەر نووسراوێك ناوەڕۆكەكەی گواستنەوەی راژەی فەرمانبەر بێت، ئەوا لە ئەنجومەنی وەزیران وەرناگیرێت».
ئەنجومەنی وەزیران وەكوو ئاماژەیەك بەوەی، كە وا بڕیار و رێنمایی نوێ سەبارەت بە گواستنەوەی راژە دەردەكرێت، روونی كردووەتەوە، تاوەكوو دەرچوونی بڕیار و رێنمایی نوێ، گواستنەوەی راژەیان راگرتووە.
دووپاتیش كراوەتەوە، راگرتنی گواستنەوەی راژە بۆ رێكخستن و پێداچوونە بە میلاك و پەیكەری كارگێڕیی وەزارەت و فەرمانگەكانە.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە ٢٢ی شوباتی ٢٠١٦ بە بڕیارێك گواستنەوەی راژەی فەرمانبەرانی لەنێوان وەزارەتەكان راگرتووە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ئەنجومەنی وەزیران بە (باس)ی راگەیاند، فەرمانگەی كارگێڕیی ئەنجومەنی وەزیران، خەریكی ئامادەكردنی رەشنووسی رێنماییەكە بۆ چۆنیەتیی گواستنەوەی فەرمانبەران لەنێوان دامودەزگا جیاوازەكان.
سەرچاوەكە جەختی كردەوە، رێنماییەكانی پێشوو، كە تایبەت بە گواستنەوە بوون، كاریان پێ ناكرێت، بەڵكوو گواستنەوە كۆمەڵێك مەرج و رێنمایی بۆ دادەندرێت.
بەهجەت سپینداری، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان بە (باس)ی راگەیاند، دەبێ حكوومەت پەلە لە كردنەوەی دەرگای گواستنەوەی راژە بكات، گوتی: «هەندێك فەرمانگە هەیە میلاكی زۆر زیادی هەیە، بەڵام فەرمانگەی تر هەیە كێشەی كەمیی میلاكی هەیە، دەبێ گواستنەوەی راژە بكرێتەوە، بەتایبەت بۆ ئەو فەرمانگانەی كێشەی میلاكیان هەیە».
ئەو جەختتی كردەوە، لەگەڵ حكوومەت لەسەر خەت دەبن، بۆ ئەوەی لە ماوەیەكی نزیكدا بڕیار و رێنمایی تازەی گواستنەوەی راژە دەربكرێت.
پێشووتر نەورۆز قازی، سەرۆکی فەرمانگەی یاسایی ئەنجومەنی وەزیران بە (باس)ی راگەیاندبوو، حکوومەت خەریکی رێکخستنەوەی میلاکاتە، گوتیشی: «وەزارەت و فەرمانگەکان میلاکی خۆیان ناردووە و ئێمەش دەمانەوێت میلاکات بەسەر فەرمانگەکاندا دابەش بکەین، بۆ نموونە، شوێنێک فەرمانبەری زیادەی هەیە و شوێنێکی تر فەرمانبەری كەمە، ئەو شوێنەی پێویستی بێت ئەوا فەرمانبەری بۆ دەگوازینەوە».
باسنیوز
