وەزیری شارەوانی: کاری نایاسایی هێڵی سوورە

وەزیری شارەوانی: کاری نایاسایی هێڵی سوورە
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان، رای دەگەیەنێت، لە بەرامبەر راییكردنی ئیشوكاری هاووڵاتییان هەر كەسێك پەنا بۆ داواكاری نایاسایی و دەستكەوتی نایاسایی ببات، دووچاری رێوشوێنی یاسایی دەبێتەوە.

بەپێی راگەیاندراوێكی وەزارەتی شارەوانی كە، ئەمڕۆ دووشەممە 7ی ئۆكتۆبەری 2019، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە رەوشی خزمەتگوزاری و كێشە و داواكاری هاووڵاتییان، لەگەڵ سەرۆك شارەوانییەكانی سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر كۆبووەوە.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار كۆبوونەوەكەدا گوتوویەتی: "دامەزراوەكانی شارەوانی بەشێوەیەكی گشتی و بەردەوام كار و كۆنتاكیان لەگەڵ خەڵكدایە، بۆیە كەمتەرخی ناڕەزایی خەڵك دروست دەكات و داوای لێكردن خزمەتی خەڵك بكەن و بە شێوەیەكی شیاویش كارئاسانی بۆ هاووڵاتییان بكەن".

سەبارەت بە كارنامەی حكوومەت جەختی كردووەتەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان خزمەتی زیاتری هاووڵاتییان دەكات لە رێگەی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری زیاتر بۆ سەرجەم ناوچەكان.

گوتیشی: "لە بەرامبەر راییكردنی ئیشوكاری هاووڵاتییان هەر كەسێك پەنا بۆ داواكاری نایاسایی و دەستكەوتی نایاسایی ببات، ئینجا دیاری یان هەر شتێكی دیكە بێت، دووچاری رێوشوێنی یاسایی دەبێتەوە و ئەمە هێڵی سوورە".

لەبارەی چاوپۆشیكردن لە زێدەڕۆیی، گوتی: "چاوپۆشیكردن لە زێدەڕۆیی قبووڵكراو نییە و بە هیچ شێوەیەكیش چارەنووسی وەزیفی خۆتان مەكەنە قوربانی، نەكەونە ژێر گوشاری هیچ لایەن و كەسێكەوە، چونكە كاری شارەوانییەكان تەنیا لەپێناو بەرژەوەندی خەڵكە و دەبێ رەچاوی یاسا و رێنماییەكان بكرێت".

وەزیری شارەوانی داواشی لە سەرۆك شارەوانییەكانی سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر كرد كە كاروباری هاووڵاتییان دوانەخەن، چونكە مافی خۆیانە كاریان بۆ بكرێت، سەبارەت بە پڕۆژەكانی نۆژەنكردنەوەش، گوتی: "لیژنەیەك سەبارەت بە نۆژەنكردنەوەی ئەو پڕۆژانە دروستكراوە كە پێویستییان بە نۆژەنكردنەوە هەیە".









باسنیوز
Top