حەلبوسی و حەداد دوو کۆبوونەوە بۆ کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکان ساز دەکەن
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 7-10-2019، محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی پارێزگارەکانی عێراق و وەزیری دارایی وڵاتەکەی بکات.
لە کۆبوونەوەکەدا، محەمەد حەلبوسی، پارێزگارەکان و وەزیری دارایی تاوتوێی جێبەجێکردنی داواکاریی خۆپیشاندەران دەکەن، کە گرنگترین داواکاری بریتییە لە چاکسازی و دابینکردنی بژێوی هاوولاتییان.
هەر ئەمڕۆ د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەی سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراقی کرد.
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەشیر حەداد هەوڵ دەدات فراکسیۆنەکانی پەرلەمان رازی بکات بەشداریی کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە بکەن، کە تایبەتە بە پەسەنکردنی پرۆژەیاسای چاکسازی، کە حکوومەت ناردبوویەتییە پەرلەمان و گرنگترین داواکاریی خۆپیشاندەران بوو.
لە رۆژی 1-10-2019، خۆپیشاندانی هاووڵاتییان لە بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق دەستی پێ کرد، کە داوای چاکسازی و نەهێشتنی گەندەڵی و بێکارییان دەکرد
باسنیوز
