سبەی جەژنا جەمایێ لە پەرستگای لالش بەڕێوە دەچێت
وشەی لالش لە دوو بڕگە پێک دێت؛ ''لال''، بە واتای بێ زار و زمان و، ''هـش''، بە واتای بێدەنگی؛ واتا دەبێ بە بێدەنگی دوعا و نزا بۆ خوا بکرێت.
بەگوێرەی میتۆلۆجیی ئێزدییان، لالش پیرۆزترین و گەورەترین پەرستگای ئێزدییانە، ئێزدییەکان لە تێکست و قەسیدە ئایینییەکاندا بە کوردییەکی پەتی باس لەو شوێنە پیرۆزە دەکەن، لە سەبەقەیەکی قەولیشدا هاتووە:
لالش کو دهاتە
ل ئەردی شین بوو نەباتە
پێ زەینی چقاس کنیاتە
ئێزدییەکان وەک ڕەسەنترین ئایین، بە جلی سپییەوە، کە هێـمای ئاشتییە بە هەموو چینوتوێژ و تەمەنەکانیانەوە ڕوو لە پەرستگای لالش دەکەن و سەرەتا سێ جار بەسەر "پرا سەلاتی"دا تێپەر دەبن، بۆ ئەوەی بە دڵ و دەروونێکی پاکەوە بچنە نێو پیرۆزترین پەرستگایانەوە.
پەرستگاکە لە نێوان سێ چیادایە و بە دار و بەرد و سەوزایی داپۆشراوە و پیاوەکان بە جلی سپیی ڕەسەنی ئێزدییانەوە ڕوو لە خۆر دەکەن و دوعا و نزا بۆ هەموو ئایین و ئایینزاکان و دواتر ئێزدییان و تەواوی مرۆڤایەتی دەکەن، بۆ ئەوەی ئاشتی بەرقەرار بێت و میهرەبانی بەسەر هەموواندا ببارێت.
وەک نیشانەی ئاگر و ڕووناکی و پیرۆزیی خۆر، ٣٦٥ چرا هەڵدەکەن و هەمووشیان دوعا دەکەن بۆ ئەوەی ڕفێندراوانی بندەستی داعش ڕزگار بن و بگەڕێنەوە باوەشی لالش و کەسوکاریان پێیان شاد ببنەوە.
سبەی جەژنی جەمای ئێزدییانە، یەکێکە لە پیرۆزترین جەژنەکانی کوردانی ئێزدی و درێژترین جەژنیشە، ئێزدییەکان ٧ ڕۆژ لەو جەژنەدا ڕێوڕەسمی جیاواز بەڕێوە دەبەن و هەمووشیان دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی زۆر کۆن.
لە هەموو شوێنێکی پەرستگاکە چرا هەڵدەکەن و پیاوانی ئایینی هەموویان ئامادەکاری بۆ ڕێوڕەسمی ئایینی دەکەن و وەک خۆیان دەڵێن، دوعا بۆ تەواوی مرۆڤایەتی و لەنێوشیاندا بۆ ئێزدییان دەکەن، بۆ ئەوەی هەموویان دوور بن لە ناخۆشی و لەبەر میهرەبانیی خودادا بن.
لوقمان سلێمان، بەرپرسی نووسینگەی ''لالشی ڕەوشەنبیری و کۆمەڵایەتی'' هەر حەفت ڕۆژەکە شرۆڤە دەکات و دەڵێت:
لە یەکەم ڕۆژی جەژندا، ''بەرێ شباکێ''، کە پیاوانی ئایینی پێی دەڵێن ''قەوال''، لە شارۆچکەی بەحزانی دەهێننە ماڵی بابە شێخ و دواتر لەوێشەوە دەهێننە پەرستگای لالش .
هەموو ئێواران لەبەر دەنگی ئاواز و دەف و شەباب لە بێدەنگییەکیدا سەمای ئایینی بە ناوی "گۆڤەندا دەرێ کانێی" و دوعای بەیانیان (بەیتا سبێ) و دوعای ئێواران (بەیتا ئێڤاری) دەڵێن و ڕێوڕەسم بەڕێوە دەچن.
هەموو ڕۆژێک دوای دوعای بەیانیان و بەر لە دوعای ئێواران ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە ناوی ''قەنتار'' لە نێوان ڕۆژپەرێشەکان و قاتانییەکاندا بە مەبەستی دڵخۆشی بەڕێوە دەچێت، ئەم ڕێوڕەسمە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لەسەریەک بەردەوام دەبێت.
لە ڕۆژی چوارەمدا، ڕۆژی ''پەری سوراکرن''ـە، ئەم پەرییە قوماشێكی پیرۆزە و حەوت پارچە قوماشە بە حەوت ڕەنگی جیاواز، کە واتای حەفت مەلائیکەتی خوایە و بە ئاوی کانیا سپی، کە کانییەکی پیرۆزە لەنێو لالشدا مۆری دەکەن و لەگەڵ دەنگی دەف و شەباب و مووزیکی ئایینی ئەو ڕێوڕەسمە بەڕێوە دەچێت.
لە ڕۆژی پێنجەمیشدا، ڕێوڕەسمێکی تر هەیە، پێێ دەڵێن، ''قەباغ''، ئێزدییەکان گایەک بەخێر دەدەن بۆ خوداوەندی خۆر، کە ئەمەش بە مەبەستی کۆتاییی وەرزی پایز و دەستپێکی وەرزی زستانە، بۆ ئەوەی خێر و بەرەکەت و وەرزێکی باران و بەفر بێت.
ڕۆژی شەشەمیش، ڕۆژی سوارکردنی ''بەرێ شباکێ''، ڕێوڕەسمێکی تایبەت هەیە، پیاوانی ئایینی ئەو ڕۆژە بە پیرۆز ڕادەگرن، ئەمەش داربەستێکە لەسەر ملی پیاوان دەیگێڕن لە ''سندرۆکی شێخادی'' دەبەنە ''پرکا کەلۆکێ'' و بە دەنگی مووزیکی ئایینییەوە دەگێڕدرێن.
لە ڕۆژی حەفتەم و کۆتاییشدا، سێ سەما دەکرێن، ئەویش لە ''جەلسەی شێخادی'' و ''کانیا سپی'' و ''شێخ عەبدولقادر'' و دواتر تاووسەکان جوان دەکرێن و خواردنی تایبەت دروست دەکرێن.
ئێوارەش، لەگەڵ ئاوابوونی ڕۆژ، ئێزدییەکان دوعای ئێواران دەکەن و دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان.
