سەردانی شاندێکی پەرلەمانی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەغدا دواخرا

 سەردانی شاندێکی پەرلەمانی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەغدا دواخرا
هەرچەندە بڕیاربوو سبەی یەکشەممە ٦ی ١٠ی ٢٠١٩، شاندێکی پەرلەمانی کوردستان بچێتە بەغدای پایتەختی عێراق، بەڵام بەھۆی بارودۆخی ئێستای عێراق و خۆپیشاندانەکانەوە، سەردانەکە بۆ کاتێکی دیکە دواخرا.



جوان یونیس، سەرۆکی لێژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان راگەیاند، بریاربوو سبەی یەکشەممە لێژنەکەیان سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ پەرلەمانی عێراق کۆ ببێتەوە.



ئەوەشی ئاشکرا کرد کە هەرچەندە هەموو ئامادەکارییەکیان کردبوو، بەڵام بەهۆی دۆخی عێراق و پەرلەمانی عێراقەوە، سەردانەکەیان بۆ کاتێکی دیکە دواخستووە.



سەرۆکی لێژنەکەی پەرلەمانی کوردستان ڕوونی کردەوە، مەبەستیان لە سەردانەکە، گفتوگۆکردن بووە لەگەڵ لێژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمانی عێراق، تاوەکوو چارەسەرێک بۆ کێشەی ناوچە کوردستانییەکان، بەتایبەتیش بابەتی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک، ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، هەڵوەشاندنەوەی ماددەیەکی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی لە عێراق تاوتوێ بکەن.



ماوەی پێنج ڕۆژە لە بەغدای پایتەختی عێراق و چەندان شاری دیکەی ناوەڕاست و باشووری عێراق، خۆپیشاندانێکی فراوانی ناڕەزایی لە دژی سەرجەم دەسەڵات و حزبەکانی عێراق سەریهەڵداوە و بەو هۆیەشەوە تاوەکوو ئێستا دەیان کەس کوژراون و هەزارانیش بریندار بوون.


باسنیوز
Top