سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ئەمەریکی دەکات
لە دیدارێکدا کە ستیڤن ڤەیگن کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر ئامادەی بوو ، پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا و بارودۆخی ئاسایش لە ناوچەکە و جموجۆڵی شانە نووستووەکانی داعش تاوتوێ کران.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بە باشی بەڕێوە دەچن و سەرۆک وەزیرانی عێراق تێگەیشتنێکی باشی بۆ تەوەرەکانی گفتوگۆ هەیە و ئومێد دەکەین لە سەر بنەمای دەستوور بگەینە رێککەوتن. گوتیشی گرژبوونی بارودۆخ لە عێراق و ناوچەکە لە بەرژەوەندی گەلانی ناوچەکەدا نییە.
هەروەها سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە جموجۆڵ و هەڕەشەکانی داعش کرد لە چەند ناوچەیەکی عێراق کە هەڕەشەی گەورە و جیددین بۆ سەر دانیشتووانی ئەو ناوچانە و پێویستی بە هەماهەنگی زیاتر هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەیان.
