ئەنجوومەنی وەزیران داوای زانیاری وردتر لەبارەی خوێندکارە یەکەمەکان لە خوێندنی باڵا دەکات
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەی چەند تەوەرێکەوە کرا.
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای کۆبوونەوەکە جەختکرایەوە لەوەی فەرمانبەران دەبێت پابەندی پاراستنی نووسراو و بەڵگەنامە فەرمییەکان بن. نابێت لە دەرەوەی مەبەستی وەزیفی بۆ بەرژەوەندی خۆیان و کەسانی دیکە مامەڵەیان پێوەبکەن یان لە ئینتەرنێت، بەتایبەتی سۆشیاڵ میدیا بڵاویبکەنەوە.
بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە خستنەڕووی قەرز و پابەندە داراییەکانی ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو تێیدا د. ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران راپۆرتێکی "وردی پڕ زانیاری و داتای" پێشکەشکرد و لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە گفتوگۆی پێویستی لەبارەوە کرا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا پێشنیازی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی ساڵی 2015 - 2016ـی هەموو زانکۆ حکومییەکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا تاوتوێکرا. ئەنجوومەنی وەزیران هەردوو وەزیری دارایی و ئابووری و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی راسپارد بۆ کۆبوونەوەی داهاتوو بە خشتەیەک پۆلێنکردنی یەکەمەکان بەپێی پسپۆڕی و پێویستی ئامادەبکەن بۆئەوەی بڕیاری کۆتاییان لە بارەوە بدرێت.
