سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە باڵیۆزى یۆنان لە عێراق کرد

سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە باڵیۆزى یۆنان لە عێراق کرد
سەرلەبەیانیى ئەمڕۆ دووشەممە 30/9/2019 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ یۆنیدۆس كۆنتۆڤۆنیسیۆس باڵیۆزی یۆنان لە عێراق، جەختی لە خواستى هەرێمى کوردستان بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانى لەگەڵ یۆنان کردەوە و سوپاسى کونسلخانەى گشتیى یۆنانى لە هەولێر کرد کە ڕۆڵێکى دیارى لە بەرەوپێشبردنى پەیوەندییەکاندا هەیە.

لە بەرامبەردا باڵیۆزى یۆنانیش هەمان خواستى وڵاتەکەى دووپات کردەوە.

سەرۆکى هەرێمى کوردستان پەیوەندییەکان و کەشى ئەرێنیى نێوان هەولێر و بەغداى بە زەمینە و دەرفەتێکى باش بۆ وەبەرهێنانى بیانى لە هەرێمى کوردستان و عێراق لە قەڵەم دا و ئامادەییى هەرێمى کوردستانى بۆ پێشکەشکردنى هەموو ئاسانکارییەک بۆ وەبەرهێنەران و سەرمایەگوزاریى کەرتى تایبەتى یۆنانى لە هەرێمى کورستان نیشان دا، هەروەها ڕۆڵى کەرتى تایبەتى بۆ فراوانکردنى پەیوەندییەکان بە گرنگ زانى.

لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا سەردانى چاوەڕوانکراوى وەزیرى دەرەوەى یۆنانى بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان بە یاوەریى شاندێکى ئابوورى و بازرگانى، گرنگیى بوونى گەشتیى ڕاستەوخۆى ئاسمانى لە نێوان هەولێر و ئاتینا، پەیوەندى و گفتوگۆکانى هەولێر ـ بەغدا بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان و دۆخى عێراق و ناوچەکەیان بەگشتى تاوتوێ کرد.












باسنيوز
Top