مەسرور بارزانی: دەمانەوێ گرنگی بە سەرجەم کەرتە ئابوورییە جیاوازەکان بدەین
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە دەیانەوێت گرنگی بە سەرجەم کەرتە ئابوورییە جیاوازەکان بدەن و بۆ ئەم مەبەستەش ئاسانکاری بۆ تۆمارکردن و بەکارخستنی کۆمپانیاکان دەکەن.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی کردنەوەی سێزدەیەمین پێشانگای بازرگانیی نێودەوڵەتی لە هەولێر، وتەیەکی پێشکەش کرد و رای گەیاند، لە پێشانگاکەدا ٣٠٠ کۆمپانیا لە ٢٤ وڵاتی (ئەمریکا، ئەورووپا، ئەفریقیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا) بەشدارن.
جەختیشی کردەوە: ”لە بەرنامەی کاری حکوومەتدا گرنگیی زۆرمان بە پێشخستنی ئابووریی کوردستان داوە، هیوادارم ئەم پێشانگایە ببێتە دەستپێکێکی باشتر بۆ تێکەڵکردنی بازرگانەکان و وەبەرهێنەران و خاوەنکاران لە کوردستان و دەرەوەی کوردستانیش، تاوەکوو بە تەنیا پشت بە سەرچاوەیەکی داهات نەبەستین، بەرنامەمان وابووە گرنگیی تەواو بە هەموو کەرتەکانی ئابووری بدەین“.
مەسرور بارزانی خۆشحاڵیی خۆی بە بەشداریکردنی ئەو ژمارە زۆرەی کۆمپانیاکان دەربڕی و ڕای گەیاند: ”ئەوەی لەدەستمان بێت بۆ هاوکاریکردنی بازرگانان و وەبەرهێنەران درێغی ناکەین، ئەو ڕێکارانەی بۆ ئاسانکاری لەبارەی تۆمارکردن و بەکارخستنی کۆمپانیاکان لە کوردستان هەیە، هەوڵدەدەین ئاسانکارییان بۆ بکەین“.
هاوکات دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی پێشانگاکە کرد و هیوای خواست پێشانگاکە ببێتە هۆکاری لێکنزیککردنەوەی کوردستان لەگەڵ بازرگان و بازاڕەکانی دونیا و ناوچەکە.
باسنیوز
