پارتی کاندیدانی خۆی بۆ بریکاری وەزارەتەکان و بەڕێوەبەرە گشتییەکان دیاری دەکا
پارتی دیموکراتی کوردستان کاندیدی خۆی بۆ پۆستەکانی بریکاری وەزارەت و بەڕێوەبەرە گشتییەکان دیاری دەکات.
بەپێی زانیارییەکان ھەفتەی داھاتوو، پارتی پشکەکانی خۆی لە کابینەی نۆیەم دیاری دەکات و ناوی کاندیدەکان پێشکەش بە سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ پۆستەکانی بریکاری وەزارەت و بەڕێوەبەرە گشتییەکان.
لەمبارەیەشەوە بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی ڕاگەیاند: "هەر لایەنێكی سیاسی دەزانێت لە بریكاری وەزارەت، بەڕێوەبەرە گشتییەكان و ڕاوێژكارەكان چی بەر كەوتووە، هاوكات پێیان گوتراوە کە لە ماوەیەكی دیاریكراودا كاندیدەكانیان بە گوێرەی ئەو تایبەتمەندییانەی دانراون، بنێرن".
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە پێشبینی دەکرێت تا ١٠ ڕۆژی دیکە، ناوەکان ڕابگەیەندرێت.
بەپێ زانیارییەکان بەپێی رێککەوتنی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پارتی لە زیاتر لە ٦٠ پۆستی بریکاری وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتی بەردەکەوێت.
باسنيوز
