یۆنان و هەرێمی کوردستان جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانیان دەکەنەوە
یۆنیدۆس كۆنتۆڤۆنیسیۆس، باڵیۆزی یۆنان لە عێراق ئەمڕۆ (یەکشەممە 29-9-2019) بەجیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی و مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە و باسیان لە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و یۆنان کردووە. باڵیۆزی یۆنان لە عێراق پێزانینی هەبووە بۆ خەباتی دوورودرێژ و رۆڵی سیاسیی سەرۆك بارزانی لە ئاستی عێراق و ناوچەكە و جیهان و لەشەڕی دژی "تیرۆریستان".
وەک لە راگەیێندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە؛ باڵیۆزی یۆنان لە عێراق رۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی لە تێكشكاندنی داعش بەرزنرخاندووە و سەرسامیی خۆیشی بە سیاسەتی سەرۆك بارزانی و سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئاڵنگاری و قەیران و بارودۆخە دژوارەكاندا راگەیاند.
لە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی یۆنان لە عێراق، ئاماژە بە بار و گوزەرانی دیاسپۆرای كوردی لە یۆنان و پەیوەندییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی یۆنان درا و، جەختیش لە پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی یۆنان لە بوارە جیاجیاكاندا كرایەوە.
هەر ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی یۆنان لە عێراق کۆبووەوە و گفتوگۆیان لەبارەی گەشەپێدانی ئابووری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و یۆنان کرد.
بەپێی راگەیێندراوێکی ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ باڵیۆزی یۆنان باسی لە رۆڵی هەرێمی کوردستان وەک فاکتەرێکی گرنگ لە سەقامگیریی ناوچەکەدا کرد.
مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەدا، کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان زەمینەیەکی باشتر بۆ وەبەرهێنانی بیانی لە هەرێمی کوردستان دەستەبەردەکات.
لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و دوا پێشهاتەكانی ناوچەكە و پرۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و دۆخی ناوچە كێشە لەسەرەكان ئاڵوگۆڕ كرا.
