قەتەر کۆنسوڵخانە لە هەرێمی کوردستان دەکاتەوە
ئەمڕۆ (یەکشەممە 29-9-2019) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ خالد حەمەد ئەلسڵیتى، باڵیۆزى قەتەر لە عێراق باسیان لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کرد.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتیکردەوە، کە هەرێمى کوردستان بۆ وەبەرهێنانى بیانى ئامادەیە و هەموو ئاسانکارییەک بۆ وەبەرهێنەرانى قەتەرى پێشکەش دەکات بۆ ئەوەى بەشدارى لە پرۆسەى پەرەسەندنى هەرێمى کوردستاندا بکەن.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداریکردنى کۆمپانیا قەتەرییەکانى لە پێشانگەى نێودەوڵەتیى پرۆجێکت ئیراکدا کە رۆژی دووشەممە (30-9-2019) لە هەولێر بەڕێوەدەچێت، بە گرنگ و ئەرێنى لە قەڵەم دا و خواستى هەرێمى کوردستانی بۆ برەودانى زیاتر بە پەیوەندییەکانى لەگەڵ قەتەر دووپاتکردەوە.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا تیشکى خستەسەر پەیوەندییەکانى هەولێر ـ بەغدا و گفتوگۆى چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەردوولا، دۆخى سیاسى و ئابوورى لە هەرێمى کوردستان و عێراق و دۆخى ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمى کوردستان.
وەک لە راگەیێندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، باڵیۆزى قەتەر لە عێراق، وێڕاى گەیاندنى سڵاو و رێزى سەرکردایەتیى قەتەر بە نێچیرڤان بارزانى، دووپاتیکردەوە کە "وڵاتەکەى خوازیارى پەرەپێدانى زیاترى پەیوەندییەکانیەتى لەگەڵ هەرێمى کوردستان و عێراق و بۆ ئەم مەبەستەش نیازى خۆیان بۆ کردنەوەى کۆنسوڵخانەى قەتەر لە هەولێر و هاندانى کەرتى تایبەت و سەرمایەدارانى قەتەرى بۆ وەبەرهێنان و سەرمایەگوزارى لە هەرێمى کوردستان نیشان دا".
پێشتر لە سەلاحەدین سەرۆك بارزانی لەگەڵ باڵیۆزی قەتەر لە عێراق کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا باڵیۆزی قەتەر پێزانینی هەبوو بۆ ئەو پێشڤەچوونانەی لە هەرێمی كوردستاندا لە بواری ئابووری و بووژانەوە هاتووەتە ئاراوە.
جەختیشی لە ویستی وڵاتەكەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان قەتەر و هەرێمی كوردستان كردووەتەوە.
باڵیۆزی قەتەر لە عێراق لەگەڵ مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش کۆبووەوە و بەپێی راگەیێندراوێکی ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ باڵیۆزی قەتەر ئامادەیی وەبەرهێنەرانی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا.
کۆبوونەوەی باڵیۆزی قەتەر لە عێراق لەگەڵ مەسروور بارزانیکۆبوونەوەی باڵیۆزی قەتەر لە عێراق لەگەڵ مەسروور بارزانی
هەروەها گفتوگۆ دەربارەی گەشەپێدانی ئابووری نێوان هەرێمی کوردستان و قەتەر کرا.
مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەدا، کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان زەمینەیەکی باشتر بۆ وەبەرهێنانی بیانی لە هەرێمی کوردستان دەستەبەردەکات.
