"ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان و بەلجیکا رێککەوتنێکیان واژۆکرد"
دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا راگەیاند" رێککەوتنەکەی شاندی یەكێتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی هەرێمی کوردستان و هەرێمی فلاندەرزی بەلجیکا بۆ هەرێمی کوردستان دەستکەوتێکی باشە، چونکە رێککەوتنێکی فەرمییە لەنێوان هەردوولایەندا."
دلاوەر ئاژگەیی گوتی: " رێککەوتنەکە کارئاسانی زۆر بۆ بازرگان و خاوەن کارەکانمان دەکات، کە دەیانەوێت پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ بەلجیکا ببەستن، لەکاتێکدا 80%ی هەناردەکردنی بەلجیکا لە هەرێمی فلاندەرزەوەیە کە دڵی ئابووریی بەڵجیکایە. ئەوان زیاتر لە بواری پیشەسازی شوکولاتە و کشتوکاڵ خاوەنی ئەزموونی باشن".
مەبەستی سەرەکییان وەک نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا دەڵێت، ئەوەیە " زیاتر کۆمپانیا بەلجیکییەکان بێنە هەرێمی کوردستان و وەبەرهێنان بکەن و کارگە دابمەزرێنن، لەبری ئەوەی لە وڵاتەکەیانەوە هەناردەی هەرێمی کوردستانی بکەن".
بەگوتەی دلاوەر ئاژگەیی: "دامەزراندنی کارگە و کاری کۆمپانیا بەلجیکییەکان لە هەرێمی کوردستان وادەکات دەرفەتی کار زیاتر بێت و چوونە دەرەوەی پارەی هەرێمی کوردستانیش کەمتر دەبێتەوە، کە ئەوەش لەڕووی ئابوورییەوە بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە."
لە 23ی ئەیلول شاندێکی یەكێتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەلجیکایان کرد. سەردانی شاندەکە لەسەر بانگهێشتی فەرمی "ژووری بازرگانیی ڤۆکا" بوو، کە پێشتر سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردبوو.
