مەسروور بارزانی: داعش هیشتا هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە

مەسروور بارزانی: داعش هیشتا هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هیشتاش داعش بە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە ناودەبات و پێیوایە ئەو هۆکارانەی بوونە هۆی سەرهەڵدانی داعش هێشتا ماون.

لە دیدارێکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە 25-9-2019 بەڕێوەچوو، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی هێزەکانی هاوپەیمانان کرد بە سەرۆکایەتی مێجەر جەنەراڵ جیرالد ستریکلاند، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا بۆ سەقامگیریی.

پرسی داعش و رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی، هەروەها بەردەوامبوونی هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە بە تایبەتی لە بواری راهێناندا، بەشێک بوو لە گفتوگۆکانی دیدارەکە.

بەپێی هەواڵی نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سەرەتا جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق وسووریا بۆ سەقامگیری، هەماهەنگییەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش بە باش ناوبرد و ستایشی ئەو هەماهەنگییانەی کرد.

دواتر مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی هاوکارییەکانی هاوپەیمانانی کرد بۆ پێشمەرگە. لەهەمانکاتدا تیشکی خستەسەر هەڕەشەکانی داعش و رایگەیاند: "ئەو هۆکارانەی بوونە هۆی سەرهەڵدانی داعش هێشتا ماون. بۆیە داعش هێشتا هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە".
Top