عەرەبی هاوردە هەوڵی داگیرکردنی زەوییەکانی گوندی رۆژبەیانی لە کەرکووک دەدەن
دانیشتووان و جووتیارەکانی ئەو گوندە رەتیانکردەوە رێگەبدەن عەرەبە هاوردەکان پێبخەنە ناو زەوییەکانیان و رووبەڕوویان بوونەوە، بە گوتەی یەکێک لە خاوەن زەوییەکان، عەرەبە هاوردەکان هاتوون داوای ئەو زەویانەیان کردووەتەوە کە لەسەردەمی حیزبی بەعس بە گرێبەست پێیان درابوو.
ئەو خاوەن زەوییە دەڵێت "ئێمە 200 بۆ 300 ساڵە خاوەنی ئەم موڵکانەین و تاپۆی رەشمان هەیە، ئەوان ئەوکاتە هاتوون کە سەدام حوسێن ئەو گوندانەی تەخت کردن، ئێمەیان راگواست و ئەوانیان هاورد، ئێستاش دێن و دەڵێن: زەوییەکان چۆڵ بکەن. ئێمەش ناڕۆین".
یەکێکی دیکە لە خاوەن زەوییەکان باسی هاتنی عەرەبە هاوردەکانی لەگەڵ هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی کرد و رایگەیاند "پۆلیسی فیدراڵی پشتیوانیان دەکردن و دەیانگوت ئێمە بە بڕیار هاتووین بۆ ئێرە.. ئەو زەویانەش زەوی ئێمەن و دەیانەوێت داگیریان بکەن، ئێمەش تاپۆی رەشمان هەیە".
ئەو خاوەن زەویانە سوورن لەسەر مانەوە و خاوەندارێتیکردنی زەوییەکانیان، ئاماژە بەوە دەکەن، ئەو شوێنە جێناهێڵن تاوەکو گشتیان دەکوژن، موڵکی باب و باپیرانیانە و نیشتمانی خۆیان چۆن جێدەهێڵن.
هاونیشتمانییەکی دیکەی گوندی رۆژبەیانی گوتی "ئێستاش کۆنە بەعسییەکان کۆبوونەتەوە و هەندێک ئەفسەری پۆلسی فیدراڵی هاتوون کە هەموویان سوننەن، پارەیان پێدەدرێت بۆ ئەوەی ئێمە لێرە دەربکەن، ئێمە خاوەن موڵکەکان ئامادەنین موڵکەکانی خۆمان جێبهێڵین، نزیکەی 60 گوندی ناوچەی ساڵەیی هەموویان تاپۆی رەشیان هەیە، هیچیان قەرەبوویان وەرنەگرتووەتەوە".
