ئاسایشی هەولێر جەخت لە بڕیارێکی بۆ نووسینگەکانی خانووبەرە دەکاتەوە
پاش ئەوەی گلەیی و گازەندە لەلایەن كرێنشینانەوە كرا، كە لە كاتی بەكرێگرتنی شوقە، یان خانوویەك لەلایەن ئاسایشەوە پێیان دەگوترێ دەبێ خاوەنی موڵكەكە بێت و پاكانەی باج بكات، تا ئەو كاتە ڕەزامەندیی ئاسایشی پێ نادرێت.
لەمبارەیەوە د. تاریق نووری، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر ڕايگەیاند: ”داوای پاكانەی باج لە خاوەنی موڵك ناكرێت، بەڵكوو داوا لە نووسینگەی خانووبهره دەكرێت بێت و پاكانەی باج لەسەر نووسینگهكهى بكات، چونكە ڕۆژانە لەو كاری دەڵاڵییەی دەیكات، پارەیەكی زۆری دەست دەكەوێت، لەوەش بەشی حكوومەت هەیە و دەبێت بیدات“.
بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر گوتیشی: ”دەڵاڵ لە كاتی بە كرێدانی خانوودا هەم لە كرێچی و هەم لە خاوەنی موڵك مەبلەخێكی زۆر پارە وەردەگرێت، داهاتێكی زۆری دێتە دەست، دەبێت پاكانەی باجی هەبێت بۆ ئەو داهاتەی وەریدەگرێت“.
د. تاریق نوورى ئەوەشی خستە ڕوو كە هەموو نووسینگەی خانووبهرهیهك دەبێ مۆڵەتی ڕێپێدانی لە وەزارەتی داراییەوە هەبێت، ئەگەر مۆڵەتی نەبێ، ئەوا ناتوانێت كار بكات، "هەندێك نووسینگه ههن ناویان تۆمار نەكراوە و هیچ باجێكیش نادات".
باسنيوز
