هەولێر بە مەرجی دانەوەی قەرزەکانی ئامادەیە نەوت رادەستی بەغدا بکات

هەولێر بە مەرجی دانەوەی قەرزەکانی ئامادەیە نەوت رادەستی بەغدا بکات
حکومەتی فیدراڵی لە ساڵی 2014ـەوە بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕیوە، نزیکەی ساڵ و نیوێکە بەرپرسیارێتیەکی زۆر کەمیشی لە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران لە ئەستۆ گرتووە و خەرجییەکانی شەڕی داعشیشی بۆ هەولێر بەجێهێشتووە، هەربۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان قەرزێکی زۆری لەسەر کەڵەکە بووە.

شیروان میرزا، پەرلەمانتاری کورد لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق راگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان 24 ملیار دۆلار قەرزارە. هەشت ملیار و 900 ملیۆن دۆلاری قەرزی مووچەخۆرانە و ئەوی دیکەشی قەرزی کۆمپانیاکانی نەوت و ئەو قەرزەیە لە کاتی بڕینی مووچەی فەرمانبەران، حکومەتی هەرێمی کوردستان کردوویەتی.

ئێستا کە دانوستاندنەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چڕبوونەتەوە، دانەوەی ئەو قەرزە بووەتە بابەتێک کە دەتوانێت رۆڵی سەرەکی لە گەیشتن بەو چارەسەرە بگێڕێت.

جەمال کۆچەر، پەرلەمانتاری کورد لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق راگەیاند "حکومەتی عێراق تاوەکو ئێستا ئامادە نییە قەرزەکانی سەر هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی قەرزی کۆمپانیاکانی نەوت بداتەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەو مەرجە نەوت رادەستدەکات کە حکومەتی عێراق چارەسەرێک بۆ قەرزەکانی بدۆزێتەوە. واتە، ئەگەر رێگەیەک بۆ دانەوەی قەرزەکانی هەرێمی کوردستان بدۆزرێتەوە، ئەوا هەولێریش نەوت رادەستی بەغدا دەکات. ئەگەریش هەردوولایان لەسەر بۆچوونی خۆیان بمێننەوە، ئەوا ئەگەری رێککەوتن دوورە".

سەرۆکوەزیرانی عێراق بەوە ناسراوە چارەسەرکردنی کێشەکان و رێگەگرتن لە دروستبوونی کێشەی نوێی بەلاوە گرنگە، بەڵام بۆ سەرکەوتن لەم هەوڵەیدا پێویستی بە پاڵپشتی هێزە سیاسییەکانی عێراق و فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمان هەیە، کە بەشێکی زۆریان پێیانوایە ئەوەی عادل عەبدولمەهدی لە ناردنی بەشێک لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستاندا دەیکات زۆرە.

فالح خەزعەلی، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە و سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی عێراق لە فراکیسۆنی هاوپەیمانیی نەسر راگەیاند "یەکێک لە تێبینیە هەرە گەورەکان لەسەر حکومەتی عادل عەبدولمەهدی پرسی نەوتی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانییەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان".

سەبارەت بە قەرزەکانی سەر هەرێمی کوردستان، ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانیی نەسر هۆشداریدا و رایگەیاند "بودجەی ساڵی 2020 بەئاسانی لە پەرلەمان تێناپەڕێت و نابێت هەڵەکانی ساڵی 2019 دووبارە بکرێنەوە، ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە قەرزی کۆمپانیاکان باسیدەکات، بیدعەیەکی نوێیە".

جێبەجێکردنی هەندێک لە بڕگە سەرەکییەکانی یاسای بودجەی 2019، لەوانەش ناردنی بەشێک لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئومێدی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەنێوان هەولێر و بەغدا گەڕاندەوە، بەڵام هێشتا زۆرن ئەو کێشانەی ماون و کوردیش هەموو ساڵێک داوای چارەسەرکردنیان دەکات.
Top