خورماتوو.. وێڕای داگیركردنی شارەكە ئامادەكاری بۆ ساڵیادی ریفراندۆم دەكرێت
ئارام حەسەن، گەنجێكی دانیشتووی شاری خورماتووە، ڕايگەیاند: "لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، خەڵكی خورماتوو لە 25 ئەیلوولی ساڵی 2017 زۆرینەیان بە (بەڵێ) دەنگیان بۆ ریفراندۆم دا و خەڵك ئومێدی گەورەی هەبوو لەم سنوورە ئیتر رزگاریان بێت لەدەست زوڵم و زۆری و ئەو رۆژە خەڵك زۆر دڵخۆش و گەشبین بوو".
گوتیشی: "بەداخەوە پاشان بینیمان لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 شارەكەمان لەلایەن حەشدی شەعبییەوە داگیركرا و دانیشتوانەكەی ئاوارە بوون، هەروەها حەشدی شەعبی سەدان خانوو و دووكان و چێشتخانە و و كارگەی هاووڵاتییانی كوردیان بە تاڵان برد و سووتاندیان، بەڵام ئێمە هەر ئومێدی ئەوە دەكەین رۆژێك بێت و ئەنجامی ئەو ریفراندۆمە سەربگرێت و كورد ببێتە دەوڵەت".
ڕاشی گەیاند: "وەك ژمارەیەك گەنجی سەربەخۆخواز، دەمانەوێت چەند چالاكییەك بە بۆنەی دووەمین ساڵیادی ریفراندۆم لە شاری خورماتوو ئەنجام بدەین كە سەرەكیترینیان هەڵواسینی ژمارەیەك لافیتەیە كە زیاتر پیرۆزباییە لەو رۆژە و دەمانەوێت لە شوێنە گشتییەكان هەڵیبواسین، هەروەها دەمانەوێت وەك ژمارەیەك گەنج لە شوێنێك گرد بینەوە و ئەو رۆژە پیرۆز ڕابگرین".
باسنيوز
