وەزارەتی بازرگانی لەبارەی پارەی گەنم دڵنیایی دەداتە جووتیاران
فەتحی محەممەد، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان راگەیاند، "گۆڕینەوەی چەك بۆ پارە كاتی پێویستە، بەڵام جووتیاران دڵنیادەكەینەوە پارەكە دابەشدەكرێت و نافەوتێت. بەهۆی ئەوەی ئێستا چەكی پارەکە گەیشتووە نەوەك پارەكە، گۆڕینەوەی چەکەکەش بە پارە وەستاوەتە سەر هەندێک بابەتی تەکنیکی و چاوەڕوان دەکرێت بەمزووانە ئەوەش چارەسەربکرێت".
فەتحی محەممەد ئەوەشی خستەڕوو، بۆ هەریەک لە پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی و دهۆك بڕی 16ملیار و 382 ملیۆن دینار دابینكراوە، كە كۆی گشتی دەكاتە 49 ملیار و 146 ملیۆن دینار، گوتیشی "ئەمساڵ 354 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی كوردستان وەرگیرا، کە لە 16-6-2019 دەست بە وەرگرتنی گەنم كرا".
لەبارەی پارەی ساڵانی رابردووی گەنمی جووتیاران، ئەو گوتەبێژە دەڵێت: ئەوەی ئێستا گرفتە قەرزی 557 ملیار دیناری گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستانە، کە هی ساڵانی 2014 بۆ 2016ـەیە و حكومەتی عێراق ئامادەنییە پارەکە بەجووتیاران بدات.
لە ساڵی 2017ـەوە حكومەتی عێراقی بە نرخێكی كەمتر گەنمی جووتیاران وەردەگرێت، بەو جۆرەی بۆ یەك تۆن گەنمی پلە یەك 560 هەزار دینار، بۆ پلە دوو 480 هەزار و بۆ پلە سێ 420 هەزار دیناری داناوە. لەكاتێكدا پێش ساڵی 2017 بۆ یەك تۆن گەنمی پلە یەك 700 هەزار دینار، بۆ پلە دوو 600 هەزار دینار و بۆ پلە سێ 480 هەزار دینار دیاریدەكرا.
