بەدواداچوون بۆ پڕۆژەی نەخۆشخانە 291 قەرەوێڵەییەکەی ڕانیە دەکرێ
حەوت ساڵە بەردی بناغەی داندراوە و تاوەکو ئێستا تەواونەکراوە
کاسترۆ مەعروف، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕاگەیاند: "لە سەردانێکی مەیدانیماندا بۆ نەخۆشخانە 291 قەرەوێڵەییەکەی ڕانیە لەگەڵ هاوپیشەم ڕەسووڵ ئیبراهیم لە ڕێگای ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانییەوە بە نووسراوی فەرمی داوامان لە هەردوو وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی کارکردن لە نەخۆشخانەکە و کردنەوەی بە ڕووی هاووڵاتیانی شارۆچکەی ڕانیەدا کە چەندین ساڵە بە تەواونەکراوی هێڵدراوەتەوە".
ڕاشیگەیاند: "کردنەوەی نەخۆشخانەکە زۆر گرنگە بۆ دانیشتووانی شارۆچکەی ڕانیە لەبەر ئەوەی ئەو نەخۆشخانەیەی کە ئێستا هەیە بەشی ئەو ڕێژە زۆرەی دانیشتووان ناکات، هەروەها باڵاخانەکەی کۆنە و بەشێک لە مەرجە تەندروستیەکانی تێدا نەماوە، بەڵام هاووڵاتیان بە ناچاری سەردانی دەکەن".
گوتیشی: "لەبری ئەم نەخۆشخانە 291 قەرەوێڵەییە پێویست بوو حکوومەت نەخۆشخانەیەکی 100 قەرەوێڵەیی لە ڕانیە و نەخۆشخانەیەکی 100 قەرەوێڵەیی لە قەڵادزێ دروستبکات بەم شێوەیە هەردوو سنوورەکە سوود مەند دەبوون".
نەخۆشخانە 291 قەڕەوێڵەییەکەی ڕانیە ساڵی 2012 لەلایەن کۆمپانیای جێبەجێکارەوە بەردی بناغەی دانراوە و وا بڕیاربوو لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵ سەرجەم کارەکانی بەکۆتا بێن بەڵام نزیکەی حەوت ساڵە کارکردن لە پڕۆژەکەدا وەستاوە و بەتەواونەکراوی جێهێڵدراوە.
