پرۆژەیاسای چاکسازی دەنێردرێتەوە پەرلەمانی کوردستان
مونا قەهوەچی، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان راگەیاند: پرۆژەیاسای چاکسازی لە مووچە و خانەنشینی و دەرماڵە و ئیمتیازاتەکان یەکێکە لەو پرۆژەیاسا گرنگانەی کە بەلای پەرلەمانی کوردستانەوە گرنگە و ئامادەین هاوئاهەنگی تەواو لەو بارەوە لەگەڵ حکومەت بکەین.
جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان باسی لەوەشکرد، بە فەرمی لە لایەن حکومەتەوە رۆژی ناردنەوەی پرۆژەکە بۆ پەرلەمان دیارینەکراوە، بەڵام بەمنزیکانە دەنێردرێتەوە پەرلەمان.
هاوکات عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، " لە رۆژانی ئاینده‌دا پرۆژەیاسای چاکسازی لە مووچە و خانەنشینی و دەرماڵە و ئیمتیازاتەکان و یه‌که‌ی ژمێریارییه‌کان دێته په‌رله‌مان".
عەلی حەمە ساڵح گوتی: "وەک پەرلەمان لێکۆڵینه‌وه و به‌دواداچوونێکی وردمان لەبارەی گه‌نده‌ڵی له خاڵه سنوورییه‌کان کردووە و خستوومانه‌ته به‌رده‌ست لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار، ئێستا وه‌زاره‌تی دارایی سه‌رقاڵی لێکۆڵینه‌وه و ئاماده‌کردنی پرۆژه‌ن بۆ پێداچوونه‌وه به سیستمی باج و گومرگ".
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان ئاماژەی بەوەشکرد، "بڕیاری هه‌مواری یاسای وه‌به‌رهێنانیش هه‌یه، که هۆکاری گه‌نده‌ڵی گه‌وره بووه له کوردستان و چه‌ندین که‌سی به ناڕه‌وا کرده ملیۆنێر" و گوتیشی " پڕۆژەیەک بۆ دروستکردنی دامه‌زراوه‌یه‌کی ده‌رمان بۆ رێگری له بازرگانی ناشه‌رعی و ده‌رمانی قاچاخ هەیە".
لە خولی رابردووی پەرلەمان لەبەر ململانێی سیاسی نەتواندرا پرۆژەیاسای چاکسازی تێبپەڕێندرێت، بەڵام ئەمجارە سەرجەم لایەنە بەشداربووەکانی حکومەت ئەندامن لە لیژنەکانی ئامادەکردنی پرۆژەیاساکە، بەو پێیەش بێت هیچ رێگریەک لەبەردەم تێپەڕاندنی یاساکە نەماوە.
لە پرۆژە یاساکە کار لەسەر چاکسازی لەسەر چەند لایەنێک دەکرێت، لەوانە: بواری خانەنشینی بە تایبەتی خانەنشینی پلە تایبەتەکان، نەهێشتنی دوو مووچەیی، رێکخستەوەی کاروباری ژمێریاری، کارگێڕی سەربازی و هێزی ئاسایشی ناوخۆ، رێکخستنەوە و هاوتاکردنی دەرماڵەکان و هەژمارکردنی خزمەت لە کەرتی گشتی.
