پۆلیسی هەولێر: ئەو کەسەی تەقەی لە کۆمیتەیەکی یەکێتی کرد دەستگیرکرا

پۆلیسی هەولێر: ئەو کەسەی تەقەی لە کۆمیتەیەکی یەکێتی کرد دەستگیرکرا
بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر راگەیاند، ئەو کەسەی شەوی رابردوو دەستڕێژی گوللەی ئاڕاستەی کۆمیتەیەکی یەکێتی لە هەولێر کرد، دەستگیرکرا.

عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر راگەیاند، تەقەکەرەکەمان دەستگیرکردووە، بەڵام جارێ لەژێر لێکۆڵینەوەدایە و دواتر زانیاری زیاتر بڵاودەکەینەوە.

شەوی رابردوو (هەینی 20-9-2019) تەقە لە کۆمیتەی (چوار و پێنج)ی یەکێتی لە هەولێر کرا، هەردوو کۆمیتەکە لەنێو یەک باڵەخانەدان، تەقەکردنەکە جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی نەبوو.

ئەم تەقەکردنە دوای رێگریکردن لە مەحموود سەنگاوی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دێت لە سماقووڵی. پێشتریش لە سلێمانی تەقە لە لقی چواری سلێمانی پارتیی دیموکراتی کوردستان کرابوو. بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبوو.
Top