ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر نووسراوێک بۆ گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە ئاراستەی حکوومەت دەکا
کەنعان خەیلانی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ڕای گەیاند: "پرۆژەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران سێ ساڵ لەمەوبەر لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگاوە بە هاوبەشی لەگەڵ پارێزگاکانی دهۆک و سلێمانی پێشکەش کراوە کە چۆن بتوانرێت پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران ڕێک بخرێتەوە".
ڕوونیشی کردەوە: "ئەو پرۆژەیە وردەکاریی زۆری تێدا بوو، کە هەم لە بەرژوەندیی هاووڵاتییان و هەم لە بەرژەوەندیی حکوومەتیش بوو، بەڵام بڕیاری کۆتایی دواتر دەبێ حکوومەت بیدات و ئەوەی لەبەردەم ئەنجومەنە تەنیا ئەوەیە بەپێی یاسا پرۆژە یاسا پێشنیار بکەین و پێشکەشی حکوومەتی بکەین".
کەنعان خەیلانی لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (زاری کرمانجی) باسی لەوە کردووە کە ئێستاش ئەوان چاوەڕوانن لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتدا ئەو پرۆژەیە تاچەند گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.
گوتیشی: ”ئەگەر کات گونجاو بێت، حکوومەت گفتوگۆی لەسەر دەکات و ئەگەریش پێویست کرا دووبارە ئێمە وەکوو ئەنجومەنەکان ئامادەین لەگەڵ وەزارەتی دارایی و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و هەر لایەنێکی پەیوەندیدار کە پێویست بکات، لەسەر ئەو بابەتە گفتوگۆ بکەین".
ئاماژەی بەوەش کرد: "بەرنامەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو ئەوە بووە کە لە هەموو سێکەتەرەکاندا خزمەتی هاووڵاتیان بکات و ئەوەش یەکێک لەو بابەتانەیە لەسەر ئاستی حکوومەت کە ئەگەر چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە، خزمەتی هاووڵاتییان دەکات".
دووپاتیشی کردووەتەوە کە تا پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران دەگەڕێتەوە، لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن.
هەر لەمبارەیەوە عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ڕايگەیاند، بڕیارە بە نووسراوێک جارێکی دیکە لەبارەی گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران، حکوومەت ئاگادار بکەنەوە.
باسیشی لەوە کرد کە دەبێت حکوومەت میکانیزمی گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە دیاری بکات و سیستهمی بایۆمهتریش رۆڵی خۆی له پۆلێنکردن و زانیاریی ورد لهسهر مووچهکان دەگێڕێت.
لە دوای بڕینی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هۆی بوونی قەیرانێکی قورسی دارایی، بەشێک لە مووچەی فەرمانبەرانی پاشەکەوت کرد.
باسنيوز
