نێچیرڤان بارزانى: پرسی کورد لە تورکیا لەڕێگەی ئاشتییەوە چارەسەر دەبێت
نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە دیدارێکدا لەگەڵ شاندێکی هەدەپە، دووپاتى کردەوە کە ئێستا کاتى ئاشتییە و پرسى کورد لە تورکیا دەبێ لە ڕێگەى ئاشتییەوە چارەسەر بکرێت، چونکە شەڕ هیچ شتێک چارەسەر ناکات و نابێت هیچ دەرفەتێک بۆ ئاشتى لە تورکیا لەدەست بدرێت.
نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە دیدارێکیدا لەگەڵ شاندێکى پارتى دیموکراتى گەلان (HDP) بە سەرۆکایەتیى سزایى تەمەلى، هاوسەرۆکى HDP کە پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە 8/9/2019 لە هەولێر بەڕێوە چوو، جەختى لەوە کردەوە کە لە هەوڵەکانى بۆ دەسپێکردنەوە و سەرخستنى پرۆسەى ئاشتى لە تورکیا بەردەوام دەبێت و لەم پێناوەدا هەرچى پێویست بێت، درێخى ناکەن.
لە بەرانبەردا شاندى HDP وێڕاى پیرۆزبایى لە نێچیرڤان بارزانى بۆ دەستبەکاربوونى وەک سەرۆکى هەرێمى کوردستان، هیواى سەرکەوتنیان بۆ خواست و سوپاسى هەوڵ و کۆششەکانى ڕابردوو و ئێستاى نێچیرڤان بارزانییان بۆ ئاشتى کرد و دووپاتیان کردەوە کە ئاشتى لە بەرژوەندیى تەواوى گەلانى تورکیادایە و گەلى کورد خوازیارى ئاشتى و چارەسەرى ئاشتیانەیە.
لە دیدارەکدا هەردوولا دۆخى ناوچەکە بەگشتى و چەند پرسێکى دیکەیان تاوتوێ کرد.
باسنیوز
